​​​​​​​"هەبوونی سوپای تورکیا لە باشور مەترسی زیندووکردنەوەی میساقی میللیی لێدەکرێت"

هاوڵاتیانی گەرمیان هەبوونی سوپا و بارەگا سەربازیی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان بە مەترسی دەبینن بۆ زیندوکردنەوەی "میساقی میللیی" و داگیرکردنی کوردستان، داواش دەکەن گەل و حکومەت بەیەکدەنگی لە دژیان بوەستنەوە و بکرێنەدەرەوە.


ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لە بەرامبەر هەبوونی سوپا و بنکە و بارەگا سەربازی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورک لەناو خاکی باشوری کوردستاندا بەردەوامە و تادێت فراوانتردەبێت، لەو چوارچێوەیەدا توێژە جیاوازەکانی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

کاروخ عومەر، ڕۆژنامەنووس، پێوایە لە شکرکێشییەکانی سوپای داگیرکەری تورک، بۆسەر باشوری کوردستان درێژکراوەی داگیرکارییەکانیەتی لەسەر ڕۆژئاوا و پارچەکانی دیکەی کوردستان، کە ئامانجی لەناوبردنی گەلی کوردە، وە هەبوونی ئەم لەشکرکێشیە مەترسیەکی گەورەیە، بۆ نمونە، من وەکو ڕۆژنامەنوسێک کە هەڵوێستم هەبووە لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی تورکیا لە باشور و پارچەکانی تر، پێموایە ژیانی من و دەیانی وەکو من لە مەترسیدایە، وە شەهیدکردنی دوو تێکۆشەری قارەمانی گەلەکەمان لە چیای گۆیژە لە سلێمانی بە دەستی میتی تورکی دەرخەروو بەڵگەی ئەم ڕاستییەیە، پێموایە لە ئێستادا تورکیا دەتوانێت دەستێوەردان لە حوکمڕانی ئابووری و سیاسی کوردستاندا بکات ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە پێویستە هاوڵاتیان درک بەمە بکەن ئەو دەسکەوتانەی لە ئێستا هەمانە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە، ناکرێت بە ئاسانی ڕادەستی دەوڵەتی داگەرکەری تورکیای بکەین.



ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەشدا: ئەم داگیرکارییە بەشێکی دیکەی زیندوکردنەوەی "میساقی میللییە" بۆ داگیرکردنی موسڵ و کەرکوک و بەشێک لە شارەکانی تری باشوری کوردستان، بەداخەوە لە ئێستادا بەهۆی لاوازی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانەوە، دەوڵەتی تورکیا قۆرخی ناوەندی بڕیاڕی کردووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ بەدیهاتنی پیلان و داگیرکارییەکانیان، پێویستە بە سود وەرگرتن لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان هەموومان دەست لە ناو دەست ڕووبەڕووی ئەو داگیرکارییە بوەستینەوە، نابێت ئەم خاکەی کە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە بیدەین بە دەستەوە.



هەر لەو بارەیەوە نیگار عومەر، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی ئاماژەی بەوەدا: لەشکرکێشی و سنور بەزاندنەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە و داگیرکارییە، بەهۆی ئەم لەشکرکێشیەوە هاوڵاتی مەدەنی دەبێتە قوربانی، ئەمەش پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، بۆ ئەمەش پێویستە لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم وە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەدەنگ بێن لەسەر ئەم پرسە کە جێگای قبوڵکردن نیە و بەر بەم داگیرکاریانە بگرن و ئەم سوپایە لە سنورەکان دوور بخەنەوە.

کامەران محەمەد، هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەرمیانە و لەوبارەیەوە وتی: ناڕەزایەتی خۆم دەردەبڕم بەرامبەر، هەبوونی بنکە و بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی دۆخ و هەلومەرجی کوردستانیان تێکداوە، بونەتە ناوەندێکی سیخوڕیش، هەبوونی ئەم سوپایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مەترسییەکانی پەرە دەستێنێت، دواین نمونەش ڕوداوەکەی چیای گۆیژەیە لە شاری سلێمانی، پێویسە تاکی کورد هەست بەم مەترسییە بکات و هەڵوێستی توندیان هەبێت لە بەرامبەریدا، پێویست بوو حکومەت و پەرلەمانیش، هەڵوێستی جدییان هەبوایە، بەڵام بێدەنگن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ یان بەرژەوەندی بازرگانیان لەگەڵیدا هەیە یان ترساون.

ک.س