هەدەپە: گۆشەگیریی شەڕەکە گەورەتر و بە گوڕتر دەکات

لەشاری ئامەدی باکوری کوردستان چەندین ئەندام پەرلەمان و سیاسەتمەدار، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان لەسەر گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە ئەنجامدا و تێیدا ڕایانگەیاند: بێدەنگکردنی ئوجالان واتای قوڵکردنەوەی ئاڵۆزی و چارەسەرنەکردنی کێشەکان و شەڕ و نایەکسانی و فاشیزم دەگەیێنێت، ئەگەر گۆشەگیریی بەردەوام بێت، شەڕیش بە گوڕتر دەبێت.


ئەمڕۆ ڕێکخستنی هەدەپەی شاری ئامەد لە بارەی گۆشەگیریی سەر عەبدولا ئوجالان ڕێبەری پەکەکە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی سازکرد، کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکە لەهۆڵی کۆنفرانسی ڤەدات ئایدن لەشاری ئامەد بەڕێوە چوو، هەر یەک لە سەمرا گوزەل و موسا فارس ئۆغلو و دەرسم داغ ئەندام پەرلەمانەکانی هەپەدە و زەینەب جەیلان و هولیا ئالۆکمەن هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپەی شاری ئامەد، هاوسەرۆکی شارەوانییەکان و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییە دەست بەسەردا گیراوەکان، ئامادە بوون.

'گۆشەگیریی بە خۆڕاگری تێک دەچیت'

سەمرا گوزەل، ئەندام پەرلەمانی هەدەپە لەکۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا تیشکی خستە سەر تیکۆشانی دژی گۆشەگیریی و بە بیری هێنایەوە کە بە چالاکیی مانگرتن لە خواردن و مانگرتنی تا مردن کە بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن بەڕێوە چوو، گۆشەگیری کۆتایی پێهاتبوو.

گوزەل ڕایگەیاند بە تێکچوونی گۆشەگیریی، هیواکان بۆ ئاشتی و چارەسەریی سەر لە نوێ دەستیان پێکردەوەو وتی:"ئوجالان لە ڕێگای پارێزەرانیەوە وتبووی'٣٠- ٤٠ ڕۆژی داهاتوو، چارەنووسساز دەبن".

گوزەل ڕایگەیاند بە سیاسەتی شەڕ وڵامی داوای ئاشتیی ئوجالان درایەوە و بە بیریشی هێنایەوە، کە گۆشەگیریی هێشتا بەردەوامە و وتی:"گۆشەگیریی یەکێکە لە ڕێبازەکانی ئەشکەنجەدان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، یاسا بوونی نییە، ئەوەی دەرگای ئاشتی بکاتەوە تەنها بەڕێز ئوجالانە، بۆیە تا ئەو ڕۆژەی کۆتایی بە گۆشەگیریی نەیەت، تێکۆشانی ئێمەش بەردەوام دەبیت."

سەمرا گوزەل ڕایگەیاند زیهنییەتی فاشیزم لە ساڵی ١٩٩٩ بە پلانگێریی نێودەوڵەتی بەڕێز ئوجالانی بەدیل گرت و هەوڵیدا هیوای ئاشتیی گەلان لەناو بەرێت، ئێستاش بە ڕێگای شەڕ و ڕێگای نایاسایی هەوڵ دەدات، بەردەوامی بدات بە بوونی خۆی."

هەروەها وتیشی: بەڕێز ئوجالان بە سەلماندن و هەڵوێستەکانی نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گشت جیهانیش پەرسپەکتیفی چارەسەری خستە روو، هەمیشەش ئەمەی پاراستووە، ئەم پەرسپەکتیفی چارەسەرییە خزمەت بە ئاشتی دەکات، پەرسپەکتیفی نەتەوەی دیموکراتیکە کە سەرچاوەکەی لە پێوانەکانی ژیانی کۆمەڵگا وەردەگرێت."

سەمرا گوزەل هەروەها ڕایگەیاند: ئەم کردارە نامرۆڤانەیە تەنها لە دژی ئوجالانە و لە کەسایەتی ئوجالاندا لە دژی کۆمەڵگا و کەلتوورەکەیەتی و بەم ڕێگایە دەیانەوێت هەموویان گۆشەگیر بکەن.

'کاتێک ئوجالان قسە دەکات، ئاشتی بەدی دێت'

گوزەل وتی: بێدەنگکردنی ئوجالان بە واتای قوڵکردنەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکان و بە واتای شەڕ و نایەکسانی و فاشیزم دێت، ئەگەر ئوجالان قسە بکات ئاشتی بەدی دێت، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر گۆشەگیریی بەردەوام بێت، شەڕیش گەورەتر و بە گوڕتر دەبێت.

گوزەل لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەوانەی گۆشەگیریی لەسەر ئوجالان دەسەپێنن، خاوەنی زیهنییەتێکی فاشیستن و جەختیشی کردەوە، کە گۆشەگیری هەم بە پێی یاسای دەوڵەتان و بە پێی یاسایی نێودەوڵەتیش تاوانە.

سەمرا گوزەل ئەندام پەرلەمانی هەپەدە لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەم حکومەتەی ئێستا سیاسەتێکی وا پەیرەو دەکات کە دەبێتە هۆی بنپێکردنی مافی مرۆڤ، لەهەمان کاتدا دەستورەکەشی بێواتا هێشتووەتەوە و لەسەر بنچینەی نایاسایی هەوڵ دەدات خۆی ڕەوا پیشان بدات.

د.ع