دووشەممە, 10 سبت 2018 – 11:00 ڕۆژنیوز – ناوەندى هەواڵەکان
بڕیار بوو ڕۆژى ٥ى ئەم مانگە بانگەشەى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان دەستپێبکات، بەڵام دواخرا و بەپێى بڕیارى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و ڕاپرسى هەرێمى کوردستان، بڕیار وایە پاش ١٢:٠٠ی ئەمشەو بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێبکات و لە ڕۆژى ٣٠ ئەم مانگەشدا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت.
لە سەرەتادا تەنها پارتى دیموکراتى کوردستان-عێراق، لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردندا بوو لەکاتى خۆیدا، دواتر کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان-یش، ڕایگەیاند کە پێیان باشە هەڵبژاردن لە کاتى خۆیدا ئەنجام بدرێت، هەروەها جوڵانەوەى نەوەى نوێ-ش، ڕایگەیاند کە لەگەڵ دواخستنى هەڵبژاردندا نییە.
بانگەشەی ئەوە دەکرێت، کە هەریەک لە بزوتنەوەى گۆڕان، یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، کاریان بۆ ئەوە کردووە هەڵبژاردن دوابخرێت، هەروەها هاوپەیمانى بۆ دیموکراتى و دادپەروەرى و حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان، بایکۆتى هەڵبژاردنیان کردووە بە هۆکارى ئەوەى، کە “گەرەنتى نییە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد”.
پارتى دیموکراتى کوردستان-عێراق، سورە لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن، لەبەر ئەوەى هەڵبژاردن ئەو حزبە لە کۆمەڵێک کێشەى ئیدارى ڕزگار دەکات، کە بریتین لە کێشەى بۆشایى لە حکومەتەکەى نێچیرڤان بارزانى کە نیوەى وەزارەتەکانى بێ وەزیر ماونەتەوە و بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن، ئەوەش بەهۆى کشانەوەى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى لەو حکومەتە و دەرکردنى وەزیرەکانى گۆڕان لە حکومەت، هەروەها هەڵبژاردن پارتى لە کێشەى سەرۆکایەتى پەرلەمان ڕزگار دەکات، کە لە ئێستادا ئەو پۆستەش بە چۆڵى ماوەتەوە بەهۆى ئەوەى پارتى دەرگاى پەرلەمانى داخست و نەیهێشت یوسف محەمەد، سەرۆکى دەستلەرکێشاوەی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بڕواتە شارى هەولێر و کارەکانى لە پەرلەمان ئەنجام بدات.
وەک ئەوەى کە پێشبینى دەکرێت، بەهۆى خواستى تاک لاینەى پارتیەوە هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا ئەنجام دەدرێت و لەم چەند ڕۆژەى دوایدا هەموو حزبە ناڕازییەکان لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن ڕایانگەیاندووە، کە ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵژاردندا.
س.ح