دووشەممە, 30 يول 2018 – 08:00 ڕۆژنیوز – هاوڕێ کرێکار
ساڵانە لە وەرزی گەرمادا گوێبیستی هەواڵی خنکانی هاوڵاتیان دەبین لەسەر ڕووبار و چەمەکان، بەڵام هیچ کاتێک هێندەی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ هەواڵی خنکان نەبیستراوە.
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کە ڕۆژنیوز بەتایبەت وەریگرتووە، لە ساڵی ٢٠١٧-دا ٩٥ کەس لە ئاودا خنکاون، لە حەوت مانگی سەرەتای ٢٠١٨-شدا ٦٣ کەس لەئاودا خنکاون.
لە ساڵی ٢٠١٧-دا لە پارێزگای دهۆک ٢٩ کەس، سلێمانی ١٦، ئیدارەی گەرمیان ١٠، ئیدارەی ڕاپەڕین ١٤ کەس و لە پارێزگای هەولێر-یش ٢٦ کەس لە ئاودا خنکاون.
هەروەها، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ-دا لە پارێزگای دهۆک ٣١ کەس، سلێمانی ٧ کەس، گەرمیان دوو کەس، ئیدارەی ڕاپەڕین پێنج کەس و پارێزگای هەولێر ١٨ کەس لە ئاودا خنکاون.
بەهۆی ئەوەی لە هەڵەبجە هیچ تیمێکی ژێر ئاو نییە، بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەڵەبجە هیچ ئامارێکی خنکانی تۆمار نەکردووە.
بەگوێرەی ئامارەکەی ئەمساڵ، لە هەر مانگێکدا نۆ کەس لە ئاودا دەخنێکن و زۆرترینی ژمارەی خنکاوەکانیش دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆکەوە.
ڕۆژنیوز ژمارەیەک گەنجی دواند، کە لەسەر ڕووباری سیروان مەلەیان دەکرد، ئەوان هۆکاری چوونە سەر ڕووباری سیروان-یان بۆ بەرزیی پلەی گەرما و کەمی کارەبا گەڕاندەوە، ئەمە جگە لە حەزی گەنجان بۆ وەرزشی مەلەوانیی.
ئەو گەنجانە، ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد، کە هیچ هێمایەکی ئاگادارکردنەوە لەسەر ڕووبار و گۆمەکانب دانەنراوە، تاکو هاوڵاتی ئاگاداربێت لە قوڵیی ئاوەکە و مەترسیدارییەکەی، ئەمەش هۆکارێکی خنکانە، نەزانینی مەلەوانییشیان بە هۆکارێکی دیکە زانی.
لە وەڵامی ئەوەی، کە بۆچی لەجیاتی ڕووبارەکان ڕوومەلەوانگەکان ناکەن، تا لە مەترسیی خنکان بەدووربن، ئەو گەنجانە، وتیان: نرخی مەلەوانگەکان زۆرە و بۆ دوو کاتژمێر ٨ هەزار دینار وەردەگرن، باری دارایی هاوڵاتییش خراپە، بۆیە ڕوو لە شوێنێک دەکەین، کە پارەی پێویست نەبێت.
ئەحمەد سەلاح، یەکێک لەو گەنجانە و ئاماژەی بە بابەتێکی جیاواز لە وتەی هاوڕێکانی کرد و وتی: ئەو کارگە بەردانەى لەسەر ڕووباری سیروان کاردەکەن، بەهۆی دەرهێنانی لم لە گۆماوەکان، گۆمەکان قوڵ دەکەن، هاوڵاتییش بێئاگایە لە قوڵبوونی گۆمەکە و مەلەی تێدا دەکات، بەمەش مەترسیی لەسەر ژیانی دروست دەبێت.
لەسەر ڕووباری سیروان، چەند فریادڕەسێک هەن، کە ڕۆژانە و بەپێی دەرفەتی خۆیان و لە نەبوونی تیمەکانی بەرگریی شارستانییدا وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتیی بەسەر ئاوەکاندا دەگەڕێن، بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە،
فەرهاد فاروق، یەکێک لەو فریادڕەسانەیە و کە دانیشتووى شارۆچکەى کەلارە، کە لەگەڵ هاوڕێکانیدا چەندین کەسیان لە مردن ڕزگارکردووە و بە ڕۆژنیوزی وت: ئەگەر کەسێک ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە هەتا تەلەفۆن بۆ بەرگریی شارستانیی بکرێت بێت بەهانایەوە، ڕەنگە کەسەکە بخنکێت، بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین ژیانیان ڕزگار بکەین.
لە وەڵامی ئەو هاوڵاتیانەدا، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژى پۆلیسی بەرگریى شارستانى گەرمیان، بە ڕۆژنیوزی وت: ڕووباری سیروان نزیکەى ٨٠ کیلۆ مەتر دەبێت، تیمەکانى ئێمە ئەوەندە زۆر نین بتوانین لە زۆرینەى شوێنەکان بوونیان هەبێت و شوێنیان بۆ دابین بکەین.
سەرکەوت ئەحمەد، وتیشی: لەبەر خراپیی کارکردنى کارگەکانى چەو لم بە شێوەیەکى نایاسایی، مەلەکردنى گەنجان لەو شوینانە پڕ مەترسییە و ئێمە ڕازیی نین کەس لەوێ مەلە بکات، چونکە هیچ مەرجێکى سەلامەتیی تێدانییە.
لەبارەی زۆریی حاڵەتەکانی خنکان لە پارێزگای دهۆک، بێوار عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى بەرگری شارستانى دهۆک، بە ڕۆژنیوزی وت: بەشێکى زۆری ئەو کەسانەی بۆ مەلەکردن دەچنە سەر ئاوەکانی دهۆک شارەزییان لەسەر ئاوەکە نییە یان خەڵکى ناوچەکە نین یانیش منداڵن و باوک و دایکیان لەگەڵ نییە، هەروەها ڕێنماییەکانى بەرگریى و شارستانیى دهۆک پێشێل دەکرێن و بەهەند وەرناگرێن.
لەبارەی هەبوونی هێماکانی ئاگادارکردنەوەش ناوبراو، وتی: لە بەشێکى شوێنەکان هێماى ئاگادارکردنەوە و تیمی ژێر ئاومان هەیە، بۆ ئەو کەسانەى کە ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
ش.ف