هەرێم، لە ٢٠١٩دا نزیکەی حەوت هەزار کەس تووشی شێرپەنجە بوون

وەزارەتی تەندروستی، ئاشکرایکرد، لە ساڵی ٢٠١٩ نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كه‌س لەهەرێم تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ بوون، ئه‌وه‌شده‌خاتەڕوو کە چیتر شێرپه‌نجه‌ به‌ واتای مه‌رگ نایه‌ت .


ئەمڕۆ لەشاری هەولێر، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا، به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی شێرپه‌نجه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، كۆنفرانسێكی له‌ ژێرناونیشانی هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی شێرپه‌نجه‌ ده‌بینه‌وه‌ سازكرد .

لە کۆنفرانسەکەدا وەزارەتی تەندروستی ئاماری توشبووانی شێرپەنجەی لە ساڵی ٢٠١٩دا خستەڕوو کە بە پێی ئامارەکە لەو ساڵەدا نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كه‌س لەهەرێم تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ بوون.

لای خۆشیەوە دكتۆر خاڵس قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕایگه‌یاند ، چیتر شێرپه‌نجه‌ به‌ واتای مه‌رگ نایه‌ت و ده‌توانرێت ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی گۆڕینی شێوازی ژیانمان به‌ گۆڕینی شێوازی خواردن و وه‌رزش كردن له‌ ٣٠٪ شێرپه‌نجه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌، ده‌توانرێت چاره‌سه‌ری زۆربه‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ش بكرێت، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تای دووچاربوون به‌ شێرپه‌نجەدا‌ نه‌خۆشیه‌كه‌یان ده‌ستنیشان بكرێت و چاره‌سه‌ریی وه‌ربگرن .

وتیشی: له‌ هه‌رێمی كوردستان پێویستی زیاترمان به‌ هۆشیاری هه‌یه‌ له‌باره‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ و خۆپاراستن له‌و نه‌خۆشیه‌.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا باساك به‌رزنجی، ئه‌ندامی سندوقی كۆمه‌كی شێرپه‌نجه‌، ڕایگه‌یاند، له‌ ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی باش كێشه‌ی كه‌می ده‌رمانی شێرپه‌نجه‌ چاره‌سه‌ر بووه‌ و له‌ به‌ش و نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌تیش چاره‌سه‌ری نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ ده‌كرێت .

وتیشی ، ساڵی ڕابردوو زیاتر له‌ ٤٠ ملیار دینارمان له‌ سندوقی كۆمه‌كی شێرپه‌نجه‌ بۆ كڕینی ده‌رمان و ناردنی نه‌خۆش بۆ چاره‌سه‌ریی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و نه‌شته‌رگه‌ریی و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بینا و به‌ش و نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ت به‌ شێرپه‌نجه‌ و كڕینی ئامێری پزیشكی خه‌رج كردوه‌ .

ک.س