هەرێم مەحمود: مانگرتنی تا مردن پیرۆزترین خەباتە

هەرێم مەحمود لە گەرمیان، لە ٨٢ـەمین ڕۆژی مانگرتنی بێسنووردا دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ئاماژە بەوەدەدات، لەم قۆناغەدا پیرۆزترین خەبات مانگرتنی تا مردنە و پێویستییەکی مێژووییە دژ بە زوڵم و ستەمی سەر گەلەکەمان.


ڕۆژی ٣٠ی مانگی چوار، ١٥ زیندانیی سیاسیی دۆزی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانی باکوری کوردستان و تورکیاوە مانگرتن تا مردنیان ڕاگەیاند و ئەمڕۆ  ١٧ ڕۆژە لە چالاکییدان، بەدوای ئەواندا و لە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگەشەوە، ١٥ زیندانیی دیکە، دەستیان بە مانگرتنی تا مردن کرد، هەروەها مەروان مەمدوح، کە لە سلێمانی نیشتەجێیە و خەڵکی باکوری کوردستانە، ئەمڕۆ سێ ڕۆژە لە مانگرتنی تا مردندایە.

چالاکوانی مانگرتوو هەرێم مەحمود لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ماوەی 82 ڕۆژە دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان مانگرتنی بێسنووری دەستپێکردووە، سەبارەت بەو چالاکییانە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و دەڵێت: لە ئێستادا چالاکییەکانی مانگرتن پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە، کە مانگرتنە تا مردن، ئەمەش بڕیارێکی پیرۆزە و زەروریەتێکی مێژووییە بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە دژوارە و گەیشتن بە سەرکەوتن، پشتیوانی تەواوی ئەو بڕیارە و ئەو هەڤاڵانەش دەکەین کە ئەو بڕیارە دەدەن، بە ئومێدی ئەوەم پێش شەهیدبوونی ئەو هەڤاڵانە بگەین بە ئازادی و سەرکەوتن.

هەرێم وتیشی: لەسەرەتای مانگرتنەکانەوە تا ئێستا زۆر گۆڕانکاری بەسەر قۆناغەکەدا هاتووە، کۆمەڵێک دەستکەوت بەدەستهاتووە و هەڵوێستی خەڵکیش فراوانتربووە، بەڵام پێویستی بە هەوڵدان و تێکۆسانی زیاتر هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن و دەستکەوتی مەزنتر، بێگومان پیرۆزترین خەبات خەباتی هەڤاڵ مەروان لە سلێمانی و خەباتی هەڤاڵانی زیندانە و پێشەنگن بۆ ئێمە، وە شکاندنی ڕێچکەیە دژ بەو زوڵم و ستەمەی لەسەر گەلی ئێمە بەڕێوەدەچێت و لە مێژوودا دەنوسرێتەوە.

س.ح