هەزاران مینی هەڵگرتووەتەوە و کەمئەندام بووە، هێشتاش شوانی دەکات

هاوڵاتییەکی تەمەن ٦٢ ساڵ، دوای کۆکردنەوەی ٤٠ هەزار مین ٢٩ ساڵ لەمەوبەر هەردوو دەست و چاوێکی لەدەستدا، بەڵام هێشتا جەسورانە لە کاروانی ژیانی بەردەوامە و ڕۆژانە بە کاری شوانی و بەخێوکردنی ئاژەڵ لە کوێستانەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بژێوی خۆی دابین دەکات، وەک خۆشی دەڵێت بەرپرسان وەفایان بۆ خزمەتەکانی خەڵک نییە.


دوای کۆکردنەوەی ٤٠ هەزار مین ٢٩ ساڵ لەمەوبەر مینێک پێیدا تەقییەوە و بەو هۆیەوە  هەردوو دەست و چاوێکی لەدەستدا، بەڵام ئەو ڕووداوە ژیانی نەوەستاند و ئێستاش لەگەڵ ئەوەی تەمەنی هەڵکشاوە، بەڵام بۆ پەیداکردنی بژێوی، ڕۆژانە بە کاری شوانی و بەخێوکردنی ئاژەڵ لە کوێستانەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، بێسرەوتن لە ژیان بەردەوامە.

ئەحمەد فەتاح، ناسراو بە(مام ئەحمەد) هاوڵاتییەکی دانیشتووی شارەدێی بێتواتەی سەر بە ئیدارەیڕاپەڕینە و تەمەنی ٦۲ ساڵە، لە منداڵییەوەبە کاری ئاژەڵداریەوە سەرقاڵە و لە پاڵ ئەوەشدا بۆ پاککردنەوەی دەوروبەری گوندەکەی لە مینە چێنراوەکانی ڕژێمی بەعسدەستی بەهەڵگرتنەوەی مین کردووە،وەک خۆی باس دەکات نزیکەی ٤۰ هەزار مینی هەڵگرتۆتەوە.

مام ئەحمەد، سەرەڕای لە دەستدانی هەردوو دەست و چاوی هەموو بەیانییەک لە کاتژمێر ٥ لە ماڵ دەردەچێت بەمەبەستی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانی "کاتژمێر ٥ یان شەشی هەموو بە یانییەک لە ماڵ دەردەچم بۆ کاتژمێر۱۰ دەگەمە سەر لوتکەی چیای ماکۆک، بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان ئاو بدەم، بۆ ئەوەش دەبێت بە سەتڵ ئاو لە بیردەرکەم و گۆلیان حەوزی خواردنەوەی ئاژەڵەکانی پێ پڕ بکەم،پاشان نان و چایی دەخۆم و دواینیوەڕۆش دەگەڕێمەوە بۆ ماڵ، ماندووبوونێکی زۆر دەبینم بەوەی هەموو ڕۆژێک دەبێت بچمە سەر چییا و بگەڕێمەوە بۆ ماڵ".

مام ئەحمەد، لە بارەی کارەکەیەوە زیاتر دووا "لە تەمەنی منداڵیمەوە کە دەستم بە شوانیەتی کردووە بەردەوام بووم، تەنیا ٤ مانگ شوانیەتیم نەکرد ئەویش ئەوکاتە بوو کە مینەکەم پێدا تەقییەوە، ئێستاش بەو حاڵەوە بەردەوامم لە پیشەی خۆم و نامەوێت چاولەدەستی هیچ کەسێک ببم ئەو کارە بۆ من کارێکی پیرۆزە".

لە بارەی چیرۆکی لەدەستدانی چاو و دەستەکانی مام ئەحمەد، چیرۆکەکەی بەمشێوەیە گێڕایەوە "ڕژێمی بەعس دەورووبەری گوند و چیاکانی هەمووکردبوو بە مین، منیش هەر چەند لەو کارەدا پسپۆڕیم نەبوو، بەڵام مینە چێندراوەکانی دەورووبەری گوند و چیاکانی نزیک لە خۆمانم پاکدەکردەوە و تا ئێستا نزیکەی ٤۰ هەزار مینملە جۆرەکانی پێنج چوکڵە، حەریق و دوو جۆری دیکەی شەخسیهەڵگرتووەتەوە"، باسی لەوەشکرد کە "لە ساڵی۱۹۹۰ لەسەر لوتکەی چیای ماکۆک خەریکی هەڵگرتنەوەی مین بووم، مینێکم دەستدایە بۆ ئەوەی لە شوێنێکی دیکە پووچەڵی بکەمەوە، مینەکە لە دەستم دابوو بەڵام کەوتم و لەوکاتەدا مینەکە تەقێیەوە و هەردوو دەست و چاوێکم لەدەستدا، لە ئێستاشدا تەنها چاوێکم دەبینێ ئەویش بەبێ چاویلکە هیچ نابینم".

ئەو هاوڵاتییە لە دێژەی قسەکانیداباسی لە نیگەرانییەکانی کرد لە بەرامبەر حکومەت و بەرپرسان و وتی: "بەبەردەوامی خزمەتی هەموو شۆڕشەکانمان کردووە، بەڵام ئێستا من کەمئەندامم هەر دوو دەست و چاوێکم لە دەستداوە مانگانە۱٥۰ هەزار دینارم هەیە، ماوەیەک مووچەکەمیان کرد بە ۹۰ هەزار دینار، کە ئێستا منداڵێک مانگانە بە۹۰ هەزار دینارڕازی نابێت".

لەکۆتایی قسەکانیشیدا نیگەرانییەکانی زیاتر خستەڕوو وتی: چۆن دەبێ حکومەتو بەرپرسان بەوجۆرە ئاوڕلە کەمئەندامان بداتەوە،ڕێزم بۆ پێشمەرگە هەیە بەڵام هیچ وەفایەکیان بۆ ئێمە نەبووە، بەڕۆژ و شەو لە ماڵی ئێمە بوون و نانیان دەخوارد و زۆر کات هەبوو ئاژەڵمان بۆ سەردەبرین،بەڵام جاشەکانیان خانەنشین کرد و حاڵی ئێمەش بەداخەوەئاوایە. 

ک.س