سەرباری هەڕەشەكانی سەرۆكی ئێران لە خۆپیشاندەران، لە هەشتەم ڕۆژدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژی كوژرانی ژینا ئەمینیی لە بەشێكی زۆری شارەكانی ئەو وڵاتە و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوام بوو.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، لە هەشتم ڕۆژی خۆپیشاندانەكان دژی كوژرانی ژینا ئەمینیی لە ناوچە جیاجیاكانی شاری تاران لەوانەش شەقامی وەلیعەسر، ئەكباتان، سەتارخان، سادقییە، ئاریاشەهر و سەعادەت ئاباد خۆپیشاندان ئەنجام دراوە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، خۆپیشاندەران تێكڕا دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” دەڵێنەوە، كە یەكێك بوو لە یەكەمین دروشمەكانی خۆپیشاندانەكان، كە لە سەقز و سنە وترایەوە و دواتر بۆ ناوچەكانی تری ئێران گواسترایەوە.
لە شاری سنەش جارێكی تر هاوڵاتییان ڕژانە سەر شەقام و سەرباری تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكان ئێران، دروشمی “مردن بۆ دیكتاتۆر”یان وتەوە، هەروەها لە شارەكانی پیرانشار و مەهابادیش خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
لە شاری شنۆش كە شەوی هەینی تا بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە بەشێك لە گەڕەكەكان بەدەست هاوڵاتییانەوە بوو، كەشێكی تووندی سەربازی سەپێنرا بوو، چەندین یەكەی تایبەتی پۆلیس ڕەوانەی ئەو شارە كرابوون و هێڵەكانی ئینتەرنێت و پەیوەندیش ڕاگیرابوون، بەپێی چەند سەرچاوەیەك هەڵمەتێكی ڕەشبگیریی و دەستگیركردنی خۆپیشاندەران بەچڕیی لەو شارە دەستیپێكردووە.
هاوكات بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئیسنای سەر بە حكومەتی ئیران، كە لە زاری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای گیلان بڵاویكردووەتەوە، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو نزیكەی ٧٤٠ كەس كە ٦٠ كەسیان ژنن بە هۆی خۆپیشاندانەكانەوە لەو پارێزگایە دەستگیركراون.
ڕەشت، ئەنزەلی، فوومەن و شارەكانی تری پارێزگای گیلان لەو ناوچانەی ئێران بوون، كە هەر لە سەرەتای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینیی ناڕەزایەتییان دەربڕی و تێیاندا خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجامدرا و هاوشێوەی پارێزگای مازەندەران لە ناوەندە سەرەكیەكان بوون، كە لە هەفتەی ڕابردووە، تێیاندا خۆپیشاندان بەڕێوەچووە.
هاوكات لە شارەكانی شیراز، زەنجان، نەوشەهریش خۆپیشاندان بە شێوەیەكی بەفراوان ئەنجامدرا و دژی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین دروشم وترایەوە.
سەربارەی ڕێوشوێنێ تووندی ئەمنیی و بچڕانی سەرتاسەری ئەنتەرنێت، ژمارەیەك ڕۆژنامەنووسیش دەستبەسەر كراون.
لە هەمانكاتدا دیمەنەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە مامەڵەی تووندوتیژ و تەقەكردنی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەران بەردەوامە.
بەردەوامیی خۆپیشاندانەكان لە كاتێكدایە، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆكی ئێران لەدوای گەڕانەوەی لە ئەمریكا و لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ بنەماڵەی یەكێك لە هێزە سەربازییە كوژراوەكان، هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران كردبوو و وتویەتی، “لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە بە تووندترین شێوە بەرپەرچی ناڕەزایەتییەكان بدەنەوە”.
بەگوێرەی ئامارەكانی ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ، لانیكەم ٥٤ كەس لە خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كوژراون و كەناڵی فەرمی حكومەتی ئێرانیش كوژرانی ٢٦ كەسی پشتڕاستكردووەتەوە.
ڕ.ڕ