ئەمشەو هەشت مووشەك لە نزیك بازگەی کەرکوک – هەولێر لە پردێ کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانیکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
موشەکەکان لەپشت بازگەی کەرکوک -هەولێر لەنزیک گوندی شێراوە کەوتووەتە خوارەوە و لەئێستاشدا هێزەکانی پۆلیسی و سوپای عێراقی لەسووری پردێ هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان دەست پێکردووە بۆ شوێنی هەڵدانی دۆزینەوەی پاشماوەی موشەکەکان.
وەزارەتی پێشمەرگەش ڕایگەیاند: کاتژمێر 7:25ی ئێوارە، ژمارەیەک مووشەکی کاتیۆشا، لە رۆژهەڵات و باشووری ناحیەی پردێ (ئاڵتون کۆپری)، بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ئاراستەی سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە کرا، لە سنوری میحوەری پێنج، مووشەکەکان لە دەرەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کەوتوون و هیچ سەنگەرێکی پێشمەرگەیان نەپێکاوە، هاوکات هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتۆتەوە، لەمبارەیەوە، هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کردووە.
ها-غ