هەفتەی داهاتوو گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دەستپێدەكەنەوە

هەفتەی داهاتوو، مەسرور بارزانی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێم، لەگەڵ شاندێک، سەردانی سلێمانی دەكەن و لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆدەبنەوە، پرسی پێكهێنانی حكومەت تاوتوێدەكەن.


دوای ئەوەی ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە، پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی-ی دیاریكرد بۆ بوونە سەرۆكی حكومەتی داهاتووی هەرێم و ئەندامانی شاندی دانووستانكاری حزبەكەی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە دەستنیشانكرد، بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز بڕیارە مەسرور بارزانی بەسەرۆكایەتیی شاندەكەی پارتی، هەفتەی داهاتوو سەردانی سلێمانی بکەن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانە، کە لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە زانیویەتی، سەردانەکە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو دەبێت و لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبنەوە.

ڕۆژی دووش٣ی ئەم مانگە، پ.د.ک لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتییدا، مەسرور بارزانی-ی وەكو كاندید بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دیارییكرد، هەروەها نێچیرڤان بارزانی-ی كردە كاندید بۆ بوونە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەندامانی شاندی دانوستانكاری حزبەكەشی دیارییكرد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت و دیارییكردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كە ئەندامانی شاندەكە، جگە لە مەسرور بارزانی، برتین لە: ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری، جەعفەر ئیمنیکی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی، مەحمود محەمەد، وتەبێژ، هێمن هەوارامی، پەرلەمانتار و فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پێشووی پ.د.ک

ڕۆژی ١٧ی مانگی ڕابردوو، شاندێكی پارتی سەردانی سلێمانیی كرد، لەگەڵ هەریەكە لە یەكێتی و گۆڕان كۆبوونەوە، پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمیان تاوتوێكرد، بۆیە شاندەكەی هەفتەی داهاتووی پ.د.ک، دووەم شاندە سەردانی سلێمانی بكات بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و تاوتوێكردنی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان.

ش.ف