هەموو دەستگیرکراوەکانی سلێمانی ئازادکران

هەموو چالاکوان و ئەندامانی ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان ئازادکران، کە لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکرابوون.


شەوی ڕابردوو دواهەمین گروپی دەستگیرکراوەکان ئازادکران، کە ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی دەستگیرکرابوون.

ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە چالاکوانان و ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان ویستیان مەراسیمێک بۆ یادی شەهیدکردنی ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز ڕێکبخەن، یادەکە کە بڕیار بوو لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادی بێت، جگە لە فیلمێک لەسەر ژیانی ساکینە، بڕیاربوو خەڵاتی ساکینەش پێشکەشی لەیلا گوڤەن بکرێت، کە نزیکەی ٧٠ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان.

بەڵام ئاسایشی سلێمانی ڕێگەی نەدا ئەو مەراسیمە بەڕێوەبچێت، نەک هەر ڕێگریان لێکرا، بەڵکو نزیکەی ٦٠ کەس لە ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی و ڕژاک و بەرەی دیموکراسی گەل و چالاوانان دەستگیرکران.

لەناو دەستگیرکراوەکاندا نزیکەی ٣٠ کەسیان ژن بوون و هەروەها ژمارەیەک منداڵیشیان لەگەڵ زیندانی کرا.


ک.ک