هەنار ڕنین لە هەڵەبجە دەستیپێكرد

هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵیش خاوەنی باخە هەنارەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەستیان بە ڕنینی هەنارەكانیان و دروستكردنی ڕووبە هەنار کردووە.


ئەگەرچی دەوترێت، کە هەنار هەتا باران لێی نەدات تامی ڕاستەقینەوە خۆی وەرناگرێت، بەڵام لەو ناوچانەی، کە زوو هەنار پێدەگات، هەر لە سەرەتای وەرزی پایزەوە دەست بە ڕنینیان دەکرێت.

لە باشوری کوردستان هەڵەبجە و هەورامان ناوبانگێکی تایبەتیان هەیە لە بەرهەمی هەناردا، هەم لەڕووی باشی خۆشیی تامەکەیەوە، هەمیش لەڕووی زۆری بەرهەمەوە.

هەناری هەڵەبجە لە چەند جۆرێكی جیاواز پێكدێن، و ساڵانە لە ڕووبەری هەشت هەزار و ٥٠٠ دۆنم زەوی زیاتر لە ٢٠ هەزار تۆن باشترین جۆری هەنار بەرهەم دەهێدنرێت، بەشێكی زۆری ئەم هەنارە لە بازاڕەكاندا ساغ دەكرێنەوە و بەشێكی دیكەشی دەكرێنە ڕووبە هەنار و شەربەتی هەنار، هاوكات سوود لە ناوك و توێكڵی هەناریش وەردەگیرێت بۆ ئالیكی ئاژەڵ.

جۆرەكانی هەناری هەڵەبجە بریتین لە ( ساڵەخانی ، لاڕەشە، خۆفرۆشی، كەوە، بەلەسی، شیرنی ناوسپی، مێ‌ خۆش) بەڵام لەناو هەموو ئەو جۆرانەدا ساڵەخانی خواستێكی زۆرتری لەسەرە، چونكە لەڕووی تامەوە تامێكی نەشیرینه‌ و نەترشه‌(مێ خۆش)ە، هەروەها ڕەنگی دەنكی هەنارەکه‌ش زۆر جوانە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی ڕنینی هەنار دەرفەتی كار بۆ هاوڵاتیانی سنوورەکە دەڕەخسێت و لەو باخانەی، کە تیمی ڕۆژنیوز سەردانی کرد، نزیکەی ٢٠ ژن بەیەکەوە هەناریان دەڕنی و لە کاتژمێر ڕۆژانە لە كاتژمێر شەشی بەیانییەوە تا كاتژمێر چواری سەر لە ئێوارە کار دەکەن.

بەهۆی ئەوەی وڵاتانی دراوسێ‌ بە تایبەت ئێران بەرهەمی هەناری كەمە و بڕێكی كەمی لێدەنێرێت بۆ ناو هەرێم، ئەمە دەرفەتێكی باشی بۆ جوتیارانی ناوچەكە ڕەخساندووە، كە بتوانن بەرهەمەكانیان بە نرخێكی باش ساغ بکەنەوە، بەڵام هەندێک ساڵ بەهۆی زۆری هەنار و نەناردنەدەرەوەی هەنار بۆ نرخێکی زۆر کەم دادەبەزێت..

فاتمە حەمە ساڵح، یەكێكه‌ لەو ژنانەی كە ڕۆژانە وەك كرێكار ڕوو لە باخە هەنارەكانی سنووری هەڵەبجە دەكات بۆ ڕنینەوەی هەنار، باسی لەوەکرد، کە لە سەرەتای هەنار ڕنینەوە تا کۆتایی مانگی ١١ لە شارەزوورەوە ڕوو لە هەڵەبجە دەکات بۆ هەنار ڕنین بە کرێی ڕۆژانەی ٢٠ هەزار دینار.

هەروەها، بیلال محەمەد، خاوەنی یەكێك لە باخە هەنارەكانی گوندی کوڵکنی لەناو باخە هەنارەکەیدا باسی لە تایبەتمەندیی ئەم وەرزە کرد بۆ باخەوانان و وتی: لەكاتی پێگەیشتنی هەنار ئێمەی جوتیاران دەست دەكەین بە ڕنینەوەیان و پاشان هەنارە چاكەكان جیا دەكەینەوە بەمەبەستی فرۆشتن دەیانبەین بۆ عەلوەی سلێمانی و بەشێكی زۆریشی هەر لە ناو بازاڕەكانی ناوخۆدا دەفرۆشین.

ش.ف