"هەندێک لایەن دەیانەوێت لەڕێگەی کردەوە تیرۆرستیەکانەوە کورد خانەقین چۆڵبکات"

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و‌ کردوە تیرۆرستیانەی له‌ سنوری شارۆچكه‌ی خانه‌قین ڕووده‌دات زۆربەی دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ نیه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ سیاسه‌تێكی نوێیه‌ بۆ له‌ناوبردنی كورد و چۆڵكردنی ئه‌و گوندانه‌ی ڕۆژئاوای خانه‌قین، دەشڵێت: به‌ به‌رچاوی بەرپرسانی کوردەوە‌ لایه‌ك له‌خانه‌قین كراوه‌تە قوربانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و ئه‌وانیش بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌.


له‌دوای ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر تا ئێستادا، دۆخی ئه‌منی شارۆچكه‌ی خانه‌قینی سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌، به‌تایبه‌ت گونده‌كانی ڕۆژئاوایی ئارامیان به خۆیانه‌وه‌ نه‌بینوه‌، به‌رده‌وام كرده‌وه‌ی تیرۆریستی وەک تەقاندنەوەی بۆمب و هەڵکوتانە سەر گوندەکان و کوشتنی هاوڵاتییان تێیدا ڕوو ده‌دات، تا ئێستاش لەڕێگەی ‌كرده‌وه‌ی تیرۆریستی جیاجیاوە، ده‌یان هاوڵاتی كوژراون و چه‌ندین گوند چۆڵكراون.

لەو بارەیەوە ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله، کە نەیویست ناوی بڵاو بکەینەوە‌ بۆ ڕۆژنیوز، قسه‌ی كرد و وتی: ئه‌وه‌ی له‌ سنوری خانه‌قین ڕوو ده‌دات، به‌شێكی زۆر كه‌می كرده‌وه‌ی چه‌ته‌كانی داعشه‌، زۆرینه‌ی  كاری به‌عسیه‌ شۆڤێنیه‌كان و پاشماوه‌ی به‌عسیه‌كانه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق، له‌سه‌ر خاكی كورد لابران و كورد چووته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی و خاكی ڕه‌سه‌نی خۆیان و ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌ت له‌ ڕۆژئاوایی شارۆچكه‌كه‌.

هه‌روه‌ها، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، داعش هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك بكات، ڕاسته‌وخۆ بڵاویده‌كاته‌وه‌ و ده‌یگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی و به‌چالاكی گه‌وره‌ ناوی ده‌بات، خێره‌ ئه‌م هه‌موو كرده‌وه‌یه‌ له‌خانه‌قین ده‌كرێت، داعش به‌رپرسیارێتی ناگرێته‌ ئه‌ستۆ و به‌چالاكی خۆی ئه‌ژماری ناكات؟ تۆ بڵێی له‌ به‌رپرسانی كورد بترسێت؟ كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ لایه‌ك له‌خانه‌قین كراوه‌تە قوربانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و ئه‌وانیش بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌ و ده‌ستیان به‌ كورسیه‌كانیانه‌وه‌ گرتووه‌، بێگومان ئه‌وانه‌ی ده‌كرێت ته‌عریبێكی سه‌رده‌میانه‌یه‌ دژ به‌ كورد، ئامانجه‌كه‌ی پێكاوه‌ و به‌دڵی ئه‌وانیش بووه‌.

ئەو ئەندامی ئەنجومەنە‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و هۆزه‌ عه‌ره‌بانه‌ی له‌سنوری شارۆچكه‌ی خانه‌قین و گوڵاڵه‌ بوون، دوای ئه‌وه‌ی له‌دادگای خانه‌قین سكاڵایان له‌سه‌ر دانیشتوانی گونده‌كانی ڕۆژئاوایی خانه‌قین تۆماركرد بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و زه‌ویانه‌ی به‌ بڕوای ئه‌وان ئێستا كوردی تێدایه‌ و داگیركراوه‌، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هی كورده‌ و له‌سه‌ر‌ده‌می ڕژێمی به‌عسی ڕووخاودا له ‌كورد سه‌ندراوه‌ته‌وه‌ و دراوه‌ به‌ عه‌ره‌ب وه‌ربگرنه‌وه‌، به‌ڵام دادگا هه‌وڵه‌كه‌یانی شكستپێهێنا، بۆیه‌ ئه‌وانیش بڕیاریاندا به‌شێوازێكی دیكه‌ تۆڵه‌ له‌كورد بكه‌نه‌وه‌.

ئەوەشدەخاتەڕوو کە ئه‌و هۆزانه‌ چوونەتە‌ ڕیزی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و بوونه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌س بۆ ئه‌وه‌ی حه‌قی خۆیان له‌كورد بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و كرده‌وانه‌ی له‌ سنوری خانه‌قین ده‌كرێت و ئه‌خرێته‌ ئه‌ستۆی داعش به‌شێكی زۆری ئه‌مانه‌ن، هه‌ڵبه‌ته‌ هاوكاریی و پاڵپشتیان هه‌یه‌ و حكومه‌تی ئێران ڕاسته‌وخۆ پشتگیرییان ده‌كات، چونكه‌ خانه‌قین بۆ ئێران شارۆچكه‌یه‌كی گرنگه‌ له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، به‌ڵگه‌ش زۆره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هۆزانه‌ به‌و كاره‌ تیرۆریستانه‌ هه‌ڵده‌ستن، له‌ڕۆژهه‌ڵات و باشوور و باكوری خانه‌قین هیچ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی ئه‌نجام نادرێت ته‌نها له‌ ڕۆژئاوا نه‌بێت.

ک.س