لەبەردەوامیی سەردانەکانیان بۆ لای کەسایەتیی و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان، شاندەکەی کەنەکە ئەمڕۆ لەهەولێر لەگەڵ بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و یەکێتی نەتەوەی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.
بەمەبەستی ڕێگریی لە دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزیی و بەدیهێنانی ئاشتەوایی لەناو لایەنە کوردییەکاندا، شاندەکەی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان-کەنەکە دوو ڕۆژە لە هەولێر بەردەوامە لە سەردانکردنی لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان و پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ خدر ڕوسی سکرتێری بزووتنەوەی گەلی دیموکراتی کوردستان و غەفور مەخموری سکرتێری یەکێتی نەتەوەی دیموکراتی کوردستان، کۆبووەوە.
نەهرۆ جەلال، ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی گەلی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کە ئەوان لەگەڵ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییدا ن و وتی:”جێگەی دەستخۆش بوونە بۆ کەنەکە کە هەوڵ دەدات ڕێگریی بکات لە هەر جۆرە تێکەڵچوونێک لەنێوان لایەنە کوردستانیەکاندا، ئێمەش وەک بزووتنەوەی گەلی دیموکرات پشتیوانی خۆمان بۆ هەوڵەکانی کەنەکە خستە ڕوو لە کۆبوونەوەکەماندا”.
هەروەها، چەتۆ باراناتی ئەندامی شاندەکەی کەنەکەش سەردانەکانیانی بۆ لای لایەنە کوردستانیەکان لە باشوری کوردستان بۆ یەكێتی و یەکڕیزی کوردان، بە ئەرێنی باس لێدەکات و پشتیوانی لایەنە کوردستانییەکان بۆ هێور کردنەوەی دەنگۆی هەڵگیرسانی شەڕ و ئەم بارگرژییەی، کە لە ئەنجامی جوڵاندنی هێز لە لایەن پەدەکەوە هاتووە ئاراوە بە گرنگ ناو لێدەکات و دەستنیشانی دەکات ئەوان بەردەوام دەبن لە سەردانەکانیان بۆ لای لایەنەکان هەتا کۆتایی هێنان بە ئەم دۆخە.
ش.ف