كۆمپانیایەكی چینی زیاتر لە چوار هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە سنووری شارەدێی بەحركە لە پارێزگای هەولێر دەكاتە پرۆژەی گەشتیاریی و “هیچ پرسێک بە خاوەنی زەوییەکان نەکراوە”، خاوەن موڵكەكانیش ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن، چەندین خێزان سەرقاڵی کشتوکاڵن لەسەر ئەو زەوییانە و ژیانیان لەسەر کشتوکاڵە.

هاوڵاتیانی گوندی ئاشۆكان و گوندی دارەبەن لە سنووری بەحركە، ناڕەزایی دەردەبڕن لەوەی كە حكومەت ڕێگەی داوە كۆمپانیایەكی چینی پرۆژەیەكی گەشتیاری لەسەر ڕووبەری چوار هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی و زەوی تاپۆی ئەوان درووست بكات.
لە ماوەی ڕابردوودا كونسوڵخانەی چین لە هەولێر بڵاویانكردەوە، كە کۆمپانیاکانیان پرۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری لە هەولێر جێبەجێدەکەن بە تێچووی پێنج ملیارد دۆلار.
محەمەد قوتبی عەباس، خاوەن موڵكە و تاپۆی هەیە دانیشتووی گوندی ئاشۆكانە، ئەو دەڵێت ٧٥٪ی زەوییەكانی پرۆژە گەشتیارییەكەی كۆمپانیا چینیەكە دەكەوێتە سنووری گوندەكەی ئەوانەوە، بەڵام ئەوان ڕێگەنادەن زەوییەكانیان بكرێتە پرۆژەی گەشتیاری، چونكە “سەدان خێزان لەسەر ئەو زەویانە دەژین و ئەوان ئامادەنین لەبەرامبەر هیچ قەرەبویەكیشدا زەوییەكانیان ڕادەستی ئەو كۆمپانیایە بكەن.

محەمەد دەڵێت ئەوان هیچ پرس و ڕایەكیان پێ نەكراوە، بەڵكو حكومەت بەبێ ڕەزامەندی و پرسی ئەوان ئەو كارەی كردووە.
مزەفەر حاتەم هاوڵاتییەكی دیکەی گوندەکەیە و دەڵێت، زەوییەكانیان زەوی كشتوكاڵین و داهاتیان لەسەر ئەو زەویانەیە، وتیشی، ئەو كۆمپانیایە زەوییەكانیان داگیردەكات و ئەوان ڕازی نابن كە زەویەكانیان بكرێتە پرۆژەی گەشتیاری.

دەربارەی ئەم کەیسە، پێشتر عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندبوو، ئەوان بەدواداچوونیان كردووە و لیژنەكەیان سەردانی مەیدانیی هەردوو گوندیان كردووە، وەك لیژنەكەیان پشتیوانی داوای هاوڵاتیانی هەردوو گووندی ئاشۆكان و دارەبەن دەكەن.
سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ باسی لەوەشکرد، کە وتیشی حكومەت باشترین زەوی كشتوكاڵیی تەرخان كردوە بۆ پرۆژەی گەشتیاری، لەكاتێكدا زەوی بەردەڵان هەیە كە دەكرێت بۆ پرۆژەی گەشتیاری سوودی لێ وەربگیرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، وەک جووتیاران دەڵێن هاوکاریی نەکراون و کەرتی کشتوکاڵ بەردەوام بەرەو دوواوە چووە، لە هەمانکاتدا ملیۆنان دۆنم زەوی کشتووکاڵیی کرانە باڵەخانەی بازرگانیی و پرۆژەی جۆراوجۆری سەرمایەداران و بازرگانان، ئەمەش گورزێکی دیکەی لە کشتوکاڵی باشوری کوردستان وەشاند.
س.ح