سێشەممە, 26 يون 2018 – 12:15 ڕۆژنیوز- هەولێر
ئەمڕۆ، نزیکەی 200 خوێندکاری دەرچووی تواناسازیی گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا لە شاری هەولێر و یاداشتێکیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد.
لە یاداشتەکەدا هاتبوو: ئێمەی خوێندکارانی تواناسازیی، کە ژمارەمان 882 خوێندکارە لە ساڵی 2013 و سەرەتای 2014، دەستمان بە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا کرد، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە حکومەت ئەو کات نەیتوانی هاوکارییمان بکات و ئێمەش لەسەر گیرفانی خۆمان درێژەمان بە خوێندن دا.
هەروەها، هاتبوو: کۆی گشتیی ئەو پارەیەی، کە لای حکومەت ماوە بریتییە لە 30 هەزار دۆلار و تاوەکو ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆی خەرج نەکردووین، بۆیە داوای خەرجکردنی ئە بڕە پارەیە و دامەزراندنمان لە فەرمانگە حکومەییەکاندا دەکەین.
ئەمە چەندەمین جارە ئەو خوێندکارانە لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەنجومەنی وەزیراندا دەکەن و یاداشتیان ئاڕاستە دەکەن، بەڵام حکومەت وەڵامی داواکارییەکانیان ناداتەوە.
لە چوارچێوەی پلانێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەپێی مەرج و ڕێنمایەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بۆ بەدەست ھێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی پێش دورستبوونی قەیرانی دارایی، ساڵانە بە سەدان خوێندکاری دەناردە زانکۆکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، لە ھەمان کاتدا تێچووی ھاتن و ڕۆشتن و مانەوە و خوێندنیانی لەئەستۆ گرت، وە ئەگەر خوێندکارەکە خێزاندار بوایە خەرجی خێزانەکەشی لە ئەستۆ دەگرت، بەڵام بەو مەرجەی کە بگەڕێنەوە و لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان خزمەت بکەن.
ش.ف/ب