هەولێر، باندێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێر، توانیویانە ٤ کەس دەستگیربکەن بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند:"ئاگادارکراینەوە بە بوونی بازرگانی ماددەی هۆشبەر، توانیمان باندێک کە لە ٤ تۆمەتبار پێکهاتبوو دەستگیریان بکەین".

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، تۆمەتبارەکان تەمەنیان لەنێوان ١٩ تا ٣٩ ساڵیدایە، دوای دەستگیرکردنیشیان، دانیان ناوە بە تاوانەکانیان، کە هەڵسابوون بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە جۆری"کریستال، هیرۆیین".

ئەوەش خراوەتەڕوو:" لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، ئامرازەکانی ماددەی هۆشبەر، چەند چەقۆیەک، ١١ مۆبایل و بڕێک پارە دەستی بەسەرداگیراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوەو دادوەر بڕیاری دا بە بەندکردنی هەرچوار تۆمەتبار، بەپێی ماددە١٤ ماددەی هۆشبەر".

ب.ش