هەولێر، بەشداربووانی گوندی کۆری لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە

بەشداربووانی گوندی کۆری دوای بێ هیوابوونیان لەتەواونەکردنی پڕۆژەکەیان، لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوەو داوایانکرد،  زەویی شوێنی خانووەکانیان پێبدرێت و پارەکەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.


ئەمڕۆ ژمارەیەک لە بەشداربووانی گوندی کۆری بە نوێنەرایەتی زیاتر لە چوار هەزار بەشداربوو، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

لە گردبوونەوەکەدا یاداشتێک کە ئاراستەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم-یان کرد و لەلایەن بازین محەمەدەوە خوێندرایەوە، تێیدا ڕاگەیەندرابوو: هەموو لایەک ئاگادارن پڕۆژەی گوندی کۆری بە بڕیاری سەرۆکایەتی وەزیران و لەژێرسەرپەرشتی پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندرا، دوای تیروپشک ناوی پێنج هەزار خێزان دەرچوو، لەوکاتەشدا ئەو خێزانانە گەیشتنە لوتکەی خۆشی، بەڵام بەداخەوە خۆشیەکە ماوەیەکی زۆری نەخایاند.

هەروەها ڕایانگەیاندبوو، دوای زیاتر لە  پێنچ ساڵ چاوەڕوانی تەنها هەزار خانوو تەواو کراوە و چارەنووسی ٤ هەزار و ٩٠ خێزان نادیارە و لە هەمانکاتدا ئەو خێزانانە لەحکومەت بەسوود مەند هەژمار کراون.

ئەو هاوڵاتیانە داوایانکرد، کە فەرمان بکرێت بە پێدانەوەی پارەکەیان کە بڕی ٧ هەزار دۆلار بووە و ئەو ئەو زەویەشیان پێبدرێت کە بڕیاربووە بۆیان بکرێتە خانوو لە پرۆژەکەدا.
جێگای باسە، ئەمە سێیەمین جارە بەشداربووانی گوندی کۆری گرددەبنەوە، بە وتەی خۆیان تا ئێستا حکومەت هیچی بۆ نەکردوون.

س.ح