زیاتر لە چوار هەزار کرێچیی شاری هەولێر حەوت ساڵە پارەیان لێوەرگیراوە و زەوییان پێدراوە تا بۆیان بکەن بە خانوو، بەڵام حکومەت نەک خانووەکانی بۆ دروست نەکردن، بەڵکو ئەو زەوییانەشی پێیداون هەرجارەو بە بەهانەیەک لێیانوەدەگرێتەوە و ڕێگا نادات بیکەن بە خانوو.
ئەمڕۆ نوێنەرانی بەشداربوانی گوندی کۆری، لەبەردەم سەرۆکایەتیی شاری هەولێر گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا.
پرۆژەی گوندی کۆری، کە دروستکردنی پێنج هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بوو بۆ هاوڵاتیانی کەمدەرامەت، لە ساڵی ٢٠١٤ وە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و هەر سوودمەنێک بڕی حەوت هەزار دۆلاری وەک پێشەکیی لێ وەگیراوە، بەڵام تەنها هەزار یەکەی نیشتەجێبوون تەواوکرا.
چوار هەزار و ٩٠ خێزان نەیانتوانی لە پرۆژە سودمەند بن، هەر بۆیە بە پێدانی زەوی بڕیار درا قەرەبوویان بۆ بکرێتەوە، ئێستاش بۆ سێیەم جار دەیانەوێت ئەو زەویانەیان لێوەرگرنەوە و دەڵێن، کە لە شوێنێکی دیکە زەویتان پێدەدەینەوە.
ساڵح محەمەدساڵح، یەکێکە لە خاوەن زەویەکانی گوندی کۆرییە و دەڵێت: دووجار زەویمان پێدراوە لێمان وەرگیراوە، ئێستاش خەریکە بۆ جاری سێیەم زەویەکانمان لێ وەرگرن، چونکە شوێنەکەمان باشە و نزیکە لە شار.
وەک ساڵح باسیکرد، هەموویان کەسانی کەم درامەت و کرێچین، بۆیە داوادەکەن لایەنی پەیوەندیدار بێتە سەرخەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
بژار یەحیا یەکێکی ترە لە خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆری و دەڵێت: لە ساڵی ٢٠١٤-وە دەستیی دەستیمان پێ دەکەن، هەندێک لە زەوییەکان تاپۆ کراون، کەچی شارەوانیی هەولێر بەنیازە لێمانوەرگرێتەوە و لە شوێنی تر زەویمان پێبدات، ئێمە خەڵکی هەژار و کرێچیین، داوا لە حکومەت دەکەین بەهانامانەوە بێت.
ش.ف