هەولێر، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ دەستی لەكاركێشایەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە حزبەکەی ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ "ئەوەی ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی پێیدا تێپەڕدەبێت قۆناغێكی خراپە و دەرەنجامی خراپتریشی دەبێت".


ئەمڕۆ عەباس محەمەد،  سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە ئەنجومەنی پارێزگاکە، دەستی لەحزبەکەی کێشایەوە.

عەباس محەمەد لە كۆنگرەكەدا، دەستلەکارکێشانەوەکەی گەڕاندەوە بۆ، "نەبوونی دادگەریی، نەمانی بنەمای شورا، نەگەڕانەوە بۆ پەیڕەوی ناوخۆ، ڕازی نەبوون بە دەرەنجامی كۆنگرە و جیاكیاری لە ژیانی بەشێك لە بەرپرسانی حزبەکەی".

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی پێدا تێپەڕ دەبێت قۆناغێكی خراپە و دەرەنجامی خراپتریشی لێدەكەوێتەوە بە نزیكبوونەوەی كۆنگرەی داهاتوو، لە ئێستاوە هیچ پەوەندییەکم بە کۆمەڵی ئیسلامییەوە نەماوە و وەک فراکسیۆنێکی سەربەخۆ کاردەکەم.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی ڕابردوودا ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسان و ئەندامانی مەڵبەندەکانی کۆمەڵی ئیسلامی، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە حزبەکەیان ڕاگەیاندبوو.

س.ح