هەولێر، لوتکەی ئاشتیی جیهانیی بەڕێوەچوو

لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لوتکەی ئاشتیی جیھانیی لە کوردستان بە نوێنەرایەتیی ٣٥ وڵاتی جیهان بەڕێوەچوو.


ئەمڕۆ، لوتکەی ئاشتیی جیھانیی لە کوردستان (Global Peace Summit Kurdstan) بە نوێنەرایەتیی ٣٥ وڵاتی جیهان و بە دروشمی "پەیامی ئاشتیی و پێكەوەژیان لە ڕێگای دیالۆگەوە" لە بینای پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

ئامانج لەو لوتكەیە لە هەرێمی کوردستان، وەك ڕێكخەرانی ئاماژەیان بۆ كرد، بۆ ئەوەیە، كە بە دنیای دەرەوە بڵێن، كە هەرێمی كوردستان شوێنێكی سەقامگیرە و دەیەوێت مافەكانی خۆی لەڕێگای ئاشتییەوە بە دیبهێنێت.

لە کۆنفرانسەکەدا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان وتی: هەرێمی كوردستان كار بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی و پێكەوە ژیان دەكات لە ناوچەكە، بوونی ژمارەیەكی زۆر لە نوێنەری وڵاتان و چەندەها كۆمپانیا و ئەنجامدانی كار و پڕۆژەكانیان هێمایەكە بۆ سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و نیشاندانی نیەتی ئاشتیخوازیی لەگەڵ وڵاتانی دونیا.

هەر لەو لوتکەیەدا، کورتە فیلمێک نمایشکرا، کە باسی لە پرۆسەی ئاشتیی دەکرد و ژن و پیاوێکی کورد ڕۆڵی سەرەکییان تێدا دەبینی.

لە کۆتاییشدا خەڵاتی ئاشتیی بەخشرایە  ژمارەیەک لە کەسایەتیی ڕۆشنبیر و جێگری سەرۆکی پەرلەمان.

ش.ف