هەولێر، لە دوو مانگدا ٩ بکوژ دەستگیرکراون

پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، کە لە دوو مانگدا ٦١ تاوانبار دەستگیرکراون، کە نۆ کەسیان تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوە.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بینای پارێزگای هەولێر هەریەکە لە بەڕێوەبەری پۆلیس و بەڕێوەبەری هاتووچۆ و قائیمقامی مەرکەزی هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

لیوا عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە کۆنگەرەکەدا ڕایگەیاند: لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ٤١ تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامدراون و ٦١ تاوانبار دەستگیرکراون و ٩ لەو تاوانبارانە تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوە.

عەبدولخالق تەلعەت، وتیشی: تەواوی تاوانباران ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراون و لەنێو ئەو تاوانبارانەشدا "سێ منداڵ" بوونیان هەیە.

هەروەها، لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لە کۆنگرەکەدا وتی: ماوەیەکە لەنێو شاری هەولێر ئۆتۆمبیڵی بێ‌ تابلۆ زۆر بووە، لەڕێگای تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەنەدا دەگیرێت و ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەریان دەگرینەبەر.

هەر لە کۆنگرەکەدا، نەبەز عەبدولواحید، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ، وتی: لەماوەی مانگی ڕەمەزاندا ١٣٠ سەرپێچی تۆمارکراوە و ١٥ شوێنیش داخراون و ١١٥ شوێنیش ئاگاداریی کۆتاییان وەرگرتووە.

وتیشی: هەر لە مانگی ڕەمەزاندا ٣٣ تۆن و ١٥٠ کیلۆ خواردن دەستی بەسەردا گیراوە و ١٧ ملیۆن دیناریش سزا لە سەرپێچیکاران وەرگیراوە و ٩٥ کەسێکیش دەستگیراون و ٣٢ تاقیگەی پزیشکی داخراون و سێ خانووی زێدەڕۆیی تێکدراون و ٤ خاوەن مۆلیدەش سزادراون.

 

ش.ف