شەممە, 1 سبت 2018 – 18:09 ڕۆژنیوز – پەیامنێران
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و چالاكوانانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان، بەبۆنەی ١ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتییەوە، ڕێپێوانێکیان لەبەردەم بەرێوبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێر بۆ بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتوەكان ئەنجامدا.
بەیاننامەی چالاکییەکە لەلایەن سەمیرە عەبدلڕەحمان، چالاکوانی مەدەنییەوە خوێندرایەوە و تیایدا هاتبوو: ئێمە لەكاتێكدا یادی ڕۆژی ئاشتی جیهانیی دەكەینەوە، كە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی لەنێو تەنگژەی قوڵ و ئاڵۆزی و شەڕ و پەلامار و ململانێی تاقەت پڕوكێندایە، ئەقڵیەت و زهنیەتی چڵێسی قازانج پەرستی زلهێزەكانی جیهان و ئەقڵیەتی فاشیزمی نەتەوەیی و دینی و مەزهەبی بەرۆكی كۆمەڵگاكانیان گرتووە و ژیانیان لەمرۆڤەكان كردووەتە دۆزەخ.
هەر لە بەیاننامەكەدا جەخت لەوەشکرابووەوە، كە پێویستە عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە ئازادبكرێت و باس لەوەشکرابوو: پرۆژە و نەخشەڕێگاکانی ئۆجەلان نەك تەنیا بۆ چارەسەریی ئاشتییانەی کێشەکانی گەلی كورد و گەلانی ناوچەكە، بەڵكو بۆ تەواوی كێشە چەقبەستووەكانی جیهان ڕێگەچارەی گرنگ و پڕ بایەخ بوون، گەر بیر و بۆچوون و دەستپێشخەرییەكانی ئۆجالان بەهەند وەربگیرایە، ئەوا ئێستا ناوچەكە و جیهان ڕووبەڕووی ئەو قەیرانە قوڵ و دەستێوەردان و كۆمەڵكوژییەدا نەدەبووەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ، لە پارکی شەهید فاخر تاڵەبانی لە شارەدێی تەقتەق-ی سەر بە شارۆچکەی کۆیە لە پارێزگای هەولێر، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ هەمان مەبەست گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست و تیایدا داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد.
بەختیار ئەمین، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی بەیاننامەی چالاکییەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو: بە بنەماگرتنی ئەو وتەیەی كە دەڵێ هیچ شتێك لە ئاشتی و ئازادی بەنرختر نییە، پێویستە لەسەر هەمووان لە ڕۆژی ئاشتی جیهانیدا پەرە بە تێكۆشانی ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستی بدەین و ئاشتی و پێكەژیانی ئازادانە بكەینە چەمكی هەرەكاریگەر لە بەرامبەر چەكی سواوی فاشیزم و شۆڤێنیزم و زهنیەتی پاوانخوازی و قازانجپەرستی.
هەولێر
تەقتەق
ب.ل