هەولێر، ڕۆشنبیران داوای خێراکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی دەکەن

ژمارەیەك لە ڕۆشنبیر و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی لەشاری هەولێر، لەبارەگای نوێنەرایەتی هەدەپە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەسەر گرنگی پێکهێنانی یەکێتی نەوەیی کرد، لەمیانی گفتوگۆکاندا دوایانکرد، کە هەنگاوەکانی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی خێرابکرێت.


ئەمرۆ لە شاری هەولێر، ژمارەیەک لە ڕۆشبیران و چالاکوانان، لەبارەگای نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هاتنی شاندێک لە کەسایەتی و سیاسەتمەدارانی باکوری کوردستان کرا، کە بڕیار وایە لەڕۆژی ٩-١٢-٢٠١٩ سەردانی باشوری کوردستان بکەن، لەگەڵ لایەنە سیاسی و کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی باشوردا گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بکەن.

ئاسۆ هاشم، بە نوێنەرایەتی ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: كۆبوونەوەكەمان تایبەت بوو بەپرسی یەكێتی نەتەوەیی، بەتایبەت لەكاتێكدا مەترسی و هەڕەشەكان بۆسەر گەلی كورد لە تەواوی پارچەكانی كوردستان هەیە، بۆیە بە پێویستمان زانی پرسی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی خێراتر بكرێن.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا موزەیەن گونەش، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان قسەیکرد و وتی:  لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، باسمان لە پرسی یەکێتی نەتەوەیی کرد، هەروەها باسمان لە هاتنی شاندێکی گەورە کرد لە باکوری کوردستانەوە کە پێکهاتوون لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی باکوری کوردستان، کە بەمەبەستی پێکهاتنی یەکڕیزیی کورد و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بڕیار وایە ڕۆژی ٩ی مانگی داهاتوو سەردانی باشوری کوردستان بکەن.

موزەیەن گونەش، ئاماژەی بەوەشکرد، کە مەترسییەکانی سەر گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەردەوامە بۆیە پرسی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی پرسێکی زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەک پشتیوانی بکەن.

د.ع