هەولێر، کەرکوک، سەیدسادق و گەرمیان بۆ دۆخی ئۆجالان هاتنە سەر شەقام

لەشارەکانی کەرکوک و هەولێر و شارۆچکەکانی سەیدسادق و کەلار، خۆپیشاندانی فراوان بۆ ئاگاداربوون لەدۆخی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و زینداندیانی دیکەی ئیمرالی ئەنجامدارا، داواکرا، کە دەستبەجێ ڕێگا بە پارێزەران بدرێت، کە سەردانی ئیمرالی بکەن، بۆ ئەوەی گەلی کورد لەوە دڵنیا بێتەوە، کە ئاگرەکەی ئیمراڵی زیانی بە ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکە نەگەیاندووە.


بەرەبەیانی دوێنێ، ئاگرێک لە دورگەی ئیمرالی کەوتەوە، دەوڵەتی تورکیش ڕێگای بە پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی نەداوە، کە سەردانی دورگەی ئیمرالی بکەن بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە، کە ئەو ئاگرە زیانی بە ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکە نەگەیاندووە.

لەبەرامبەر ئەو ڕێگریەی دەوڵەتی تورک لە پارێزەران دەیکات و پەرۆشیان بۆ دڵنیابوون لە دۆخی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی، ئەمڕۆ هاوڵاتیانی باشوری کوردستان، لە لەشارەکانی کەرکوک و هەولێر و شارۆچکەکانی سەیدسادق و کەلار، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

هەولێر

پاشنیوەڕۆی  ئەمڕۆ، بەدەستپێشخەری نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە،   لە باشوری کوردستان، لەبەردەم بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی هەولێرەوە، خۆپیشاندانێکی جەماوەری بۆ بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر، ئەنجامدرا، خۆپیشاندەران دروشمەکانی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'، 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' و چەندین دروشمی دیکەیان وتەوە، هەروەها داوایانکرد، کە دەستبەجێ ڕێگابدرێت، کە پارێزەران سەردانی ئیمراڵی بکەن، ئاماژەشیان بەوەکرد، کە هەتا دڵنیان نەبنەوە لە دۆخی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی شەقامەکان چۆڵ ناکەن.

کەرکوک

كاتژمێر ٣:٣٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ، هاوڵاتیان و چین و توێژەكانی شاری كەركوك، خۆپیشاندانیان لە ناو بازاڕی پەنجا عەلی لەشاری کەرکوک ئەنجامدا.

لە خۆپیشاندانەكەدا وێنەكانی ئۆجالان و دروشمی بژی بەرخودانی ئیمڕالیان دەوتەوە، خۆپیشاندانەكە لەسەرەتای بازاڕەكەوە دەستیپێكرد تاكۆتای بازاڕەكە بەردەوام بوو.

ئامەد كەركوكی، بەناوی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەوە بەیاننامەیەكی خوێندەوە و وتی: ئێمە وەکو هاوڵاتیان و چین و توێژەکانی شاری کەرکوک دەربارەی ئەو ئاگرەی لە دوورگەی ئیمرالی کراوەتەوە بۆ ڕای گشتی و جیهان و گەلانی ئازادیخواز ڕوونی دەکەینەوە، مەبەست لە دروست کردنی ئەو ئاگرە ئامانج لێ ڕێبەر ئاپۆ و لەناوبردنی گەلی کوردە، لێرەوە داوا لە ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازان و جیهان دەکەین، لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی سەر ڕێبەر ئۆجەلان بێنە دەنگ، دەستبەجێ زانیاری لەسەر ژیان و چارەنووسی سەر ڕێبەر ئۆجەلان ئاشکرا بکرێت.

کەلار

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان، سەبارەت بەزانینی دۆخی تەندروستیی و ئاسایشی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی، ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا، لە بەردەم پارکی لەیلا قاسمەوە بۆ ناو بازاڕی شارۆچکەکە.



ڕێپێوانەکە بە دروشمی" ئاگری ئیمراڵیی ئێوەش دەسوتێنێت" دەستیپێکرد، هەروەها دەیان پانکارت و وێنەی ئۆجالان بەرزکرانەوە لەگەڵ وتنەوەی دروشمی " بێ سەرۆک ژیان نابێ، ئەی دوژمن باشبزانە ئاپۆ هێڵی سورمانە" دواتر وتاری کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان پێشکەشکرا و کۆتایی بە ڕێپێوانەکە هات.

سەیدسادق

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچكەی سەیدسادق، گردبونەوەیەك لەسەر پردی ناوبازاڕی سەیدسادق ئەنجامدرا، تێیدا هاوڵاتیان دوایانکرد، کە دەستبەجێ ڕێگا بدرێت، کە پارێزەران سەردانی ئیمرالی بکەن، هەروەها دروشمەکانی 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' ، 'بژی سەرۆک ئاپۆ'، 'ئاگری ئیمرالی ئێوەش دەسوتێنێت' و چەندین دروشمی دیکەیان وتەوە.

هەرێم ئەبوبكر، بەیاننامەی دەستە چالاكی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، بۆ ڕای گشتی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن وەزیری ناوخۆی توركیای فاشیستەوە، ئەوە بڵاوكرایەوە كەئاگر بەربۆتە دورگەی ئیمراڵی، بەبڕوای ئێمەش وەك گەلی كورد ئەوە جۆرێكە لەئازاردان و بەرفراونكردنی ئەو شەڕە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەكوردستاندا بوونی هەیە، لەوەها هەلومەرجێكدا لەبێ‌ هەواڵیماندا لەسەلامەتی ڕێبەرمان هەلومەرجێك دەخولقێنین بەهیچ هێزێك كۆنترۆڵ نەكرێت، ئەركی لایەنە سیاسیەكانیشە بەرپرسیارانە هەستن بەئەركی خۆیان، بەئەركدارو بەرپرسیاربین لەبەرامبەر ئەو هەلومەرجەی ئێستا هاتۆتە پێشەوە، كاربكرێت تافشارێكی توند دروستبكرێت، هەرچی زووە دیداری ئەنجامبدرێت لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بۆ دڵنیابوون لەتەندروستی و ساغ و سەلامەتیان، ئەنجامبدرێت.

د.ع