هەولێر، گروپێکی نوێ دەستیان بە مانگرتن کرد

گروپی ٦١-ەمین لە نوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری هەولێر، مانگرتنیان دەستپێکرد، نوێنەرایەتی هەدەپەش ڕایدەگەیەنێت، پێویستە فشاری زیاتر بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی داواکاریی مانگرتوان جێبەجێبکات.


ئەمڕۆ لە نوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری هەولێر، گروپی ٦١-ەمین مانگرتنیان دەستپێکرد، کە ماوەی ١٢٢ ڕۆژە بە شێوەی خولیی و ناسر یاگزیش بەشێوەی بێسنور، مانگرتنیان لەخواردن دەستپێکردووە، ئەوەش بە ئامانجی هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و کۆتاییهێنان بە زوڵم و ستەم.

عابد ئیکە، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت: نەورۆزی ٢٠١٩ نەورۆزی  بەرخودانی خۆڕاگریی بوو لە باکور و باشور و تەواوی کوردستان، ١٢٢ ڕۆژە مانگرتن درێژەی هەیە و پێویستە فشاری زیاتر بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی داواکاری مانگرتوان جێبەجێبکات و ژیانی مانگرتوان ڕزگار بکەن، ڕۆژ لە دوا ڕۆژیش تەندروستی ناسر یاگز خراپتر دەبێت.

وتیشی: چالاکییەکانی کورد لە نەورۆز بەردەوامی هەبوو بە تایبەت لە ڕۆژائاوای کوردستان سەرکەوتنی کوردان بەسەر داعش لە ڕۆژی نەورۆزدا پەیامێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ تەواوی کوردان و تەواوی جیهان، تورکیا و حزبەکەی ئەردۆغان دەبێت باش بزانن، کە دەبێت داخوازییەکانی چالاکوانان و مانگرتوان جێبەجێ بکەن.

عابد ئیکە ئەوەش وت: دڵنیایم ئەو سیاسەتەی ئێستا لە تورکیا پەیڕەو دەکرێت بەرامبەر بە گەلی کورد، گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، چونکە هەموو دونیا شاهیدن تورکیا چۆن سیاسەت دەکات   بەرامبەر کوردان.


ک.ک