هەوڵی مەهاباد ئەمجارە دەگاتە ئەنجام؟

لە ڕۆژێک وەکو ئەمڕۆدا 'کۆماری کوردستان' لە مەهاباد دامەزرا، ڕووداوەکانی مێژوو دووبارە دەبنەوە و مەترسی دووبارە کردنەوەی هەڵەکان دوور نین، هەروەها دەرفەتەکانیش بۆ کورد بەردەستە بۆ گەیشتن بە مافەکانی، بەڵام ئایا هەوڵی مەهاباد ئەمجارە دەگاتە ئەنجام!؟.


ئەمڕۆ ٧٤ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە ڕۆژی ٢٢ی مانگی ١ی ساڵی ١٩٤٦، واتە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ی هەتاوی لە مەهاباد دامەزرا، بەڵام لە کاتێکدا دەرفەتەکان لەبەر دەست بوون بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی کورد، کۆمار زیاتر لە ١١ مانگ نەیتوانی خۆی بپارێزێت، لە دۆخی ئێستاشدا هەم دەرفەتەکان بەردەستن هەمیش مەترسییەکان دوور نین، هەم ئەگەری دووبارەبوونەوەی لەدەست چوونی دەرفەتەکان هەیە، هەمیش ئەگەری سوود وەرگرتن لە ئەزموونەکان و گەیشتن بە مافەکانی گەلی کورد.

بەربەرەکانێ و ململانێی نێوان زلهێزەکان لە دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانییەوە و پەلکێشکردنی ئاڵۆزییەکان بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی خۆی لەسەر گەلانی ناوچەکە دانا، کە تا ئەو کاتە وڵاتەکانیان بە شێوەی پاشایەتی و تەنانەت عەشیرەتی و ئەتنیکی بەڕێوەدەبرد، دوو ئیمپراتۆری فارس و تورک واتا قاجارەکانی ئێران و عوسمانیە تورکەکان، یان بە واتایەکی دیکە دوو جەمسەری شیعە و سونە، دەسەڵاتداری ڕۆژهەڵانی ناوەڕاست بوون، ناوچەکانی ژێڕدەستی ئەو دوو ئیمپراتۆریە، نیشتمانی پێکهاتەیەکی فرەڕەنگ لە گەلانی خاوەن مێژوو و شارستانیەتی مێزۆپتامیا بوو.

نیشتمانی کوردەکان واتا کوردستان کە پێشتر و لە مانگی ئابی ساڵی ١٥١٤ پارچە کرابوو و دابەشکرابوو لە نێوان دوو جەمسەری شیعە و سوننە واتا سەفەوییەکان و عوسمانییەکان، ئەمجارە و بە ڕووخانی دوو ئیمپراتۆری ناوچەکە لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و دامەزرانی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکە دابەشکرا بە سەر سێ وڵاتی دیکەدا، واتا عێراق، تورکیا و سوریا کە دوای ڕووخانی عوسمانی ببوون بە دەوڵەت، بەشی چوارەمی خاکی پارچەکراوی کوردستان واتا ڕۆژهەڵات-یش لە ژێر دەستی ئێران مایەوە.

بە دەستپێکردنی شەڕی دووەمی جیهانی و جارێکی دیکە داگیرکردنی ئێران لەلایەن ڕوس و ئینگلیزەوە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بەسەر وڵاتەوە نەما و بۆشایی هێز وڵاتی ئێرانی گرتەوە، سوپای ئێران لەیەکترازا، ڕەزاشا لە ژێر فشاری بەریتانیا، لە ئەیلولی ١٩٤١ دەستی لەکارکشایەوە و ئێرانی جێهێشت و دەسەڵات کەوتە دەستی کوڕەکەی واتا محەمەد ڕەزاشا.

لەو ماوەیە و بە دەستێوەردانی ڕوسەکان لەسەردەمی بەلشەفییەکان کە بەشێک لە خاکی ئێرانیان بەدەستەوە بوو پشتیوانیان لە گەلانی بندەست دەکرد بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، چەند دەوڵەتێک دامەزران کە یەکێک لەوانە "کۆماری کوردستان" یان "کۆماری مەهاباد" بوو.

ڕۆژی ١٦ی ٨ی ١٩٤٢ "حوسەین فرووھەر، عەبدولڕەحمان زەبیحی، عەبدولڕەحمان ئیمامی، عەبدولقادر مودەریسی، نەجمەدین تەوحیدی، محەمەد نانەوازادە، عەلی مەحموودی، محەمەد ئەسحابی، عەبدولڕەحمان کیانی، سدیق حەیدەری، قاسم قادری" لە باخێکی تەنیشت مەهاباد بە ناوی "سیسە" کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان- ژێکاف'یان ڕاگەیاند، قازی محەمەد کە کەسایەتیەکی ناسراوی مەهاباد بوو، ساڵی ١٩٤٤ پەیوەست دەبێت بە "کۆمەڵەی ژێکاف" و دوای زیندانیبوونی سێ کەس لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە ڕۆڵی سەرکردە لە ژێ کاف دەگێڕێت و لە ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دەچنە "باکو" چاویان بە "جەعفەر باقرۆڤ" سەرۆک وەزیری کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەت دەکەوێت و داوای پشتیوانی و یارمەتی سۆڤیەت بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەکەن.

دوای گەڕانەوەی وەفدەکە، کۆمەڵەی ژێ کاف دادەخرێت و حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هەمان پێکهاتەوە دادەمەزرێت و یەکەم کۆنگرەی خۆی لە مانگی ١٠ی ١٩٤٥ دەبەستێت، دوای ماوەیەک بە سوودوەرگرتن لە بارودۆخی ئەو کاتەی ئێران و نەمانی هێزەکانی لە ناوچەکە و پشتیوانی سۆڤیەت، لە ٢ی ڕێبەندان، واتە ٢٢ی مانگی ١ی ١٩٤٥ کۆماری کوردستان (مەهاباد) ڕادەگەیەنرێت کە هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئازەربایجان.

لە مانگی ١٢ی هەمان ساڵدا، سۆڤییەت لەگەڵ حکومەتی ئێران ڕێککەوت، لە ٢٦ی مانگی ٣ی‌ ١٩٤٦، بەھۆی‌ فشاری‌ ھێزە ڕۆژئاواییەکان بە تایبەت ئەمەریکا، پەیمانی بە حکومەتی ئێران دا کە لە باکوری ئێران بکشێتەوە، دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕوس، لە مانگی ٦ـدا ئێران دەستی گرتەوە بەسەر کۆماری ئازەربایجاندا، ئەمەش بووە ھۆی‌ دابڕانی کۆماری‌ کوردستان و پچڕانی پەیوەندیەکانی لەگەڵ سۆڤیه‌ت و ڕاگیرانی پاڵپشتی ماددی و سەربازییەکانی کە پشتی پێبەستبوو، ئەمەش سیاسەتمەدارانی کورد و مێژوونووسان، بە"خاڵی هەرە سەرەکی شکستی کۆماری کوردستان'ی دەزانن".

سەرەڕای هەوڵەکانی کۆماری کوردستان بۆ بەشداریپێکردن و پەیوەستبوونی خێڵەکانی دیکەی کورد لە ناو کۆمار، بەڵام نەیتوانی سنوورەکانی لە چوارچێوەی موکریان و دەوروبەری مەهاباد بەرفراوانتر بکات، هەربۆیە زۆرجار بە کۆماری مەهاباد ناو دەبرێت و دەناسرێت.

پشتبەستن بە هێزی دەرەکی لە بەڕێوەبردنی شۆڕش زیاتر لەوەی هێزی پێبدات لاوازی دەکات، لەبەر ئەوەی ئەوەندەی چاو لە دەستی ئەو هێزە دەکرێت، بیر لە هێزی گەل ناکرێت و ئەمە لاوازییەکی مێژووییە لە هەموو بزووتنەوە کوردییەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان، کە کۆماری مەهابادیش بەدەر نەبووە لەم هەڵەیە.

نەبوونی یەکێتیی تانەیەکی مێژویی گەلی کوردە کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەیتوانیوە ئەو یەکێتییە دروستبکات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جیهانبینی و هزری بنەڕەتی لایەنە کوردییەکان، کە ستراتیژییەکی نەتەوەییان نییە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و بە تێڕوانینێکی تەسکی حیزبی چاو لە ڕووداو و پێشهاتە چارەنووسسازەکان دەکەن.

سەرەڕای ئەوەی کۆماری کوردستان هەلێکی زێڕین و دەگمەن بوو لە بارودۆخی ئەو سەردەمەی ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەلی کورد، بەڵام بە هۆی نەبوونی ڕۆحیەتی بەرخۆدان لە ناو هێزەکان، پشتبەستن بە هێزی دەرەکی و پێشنەکەوتنی پەروەردەی گەل بۆ بەرگری لە دەسکەوتەکانیان، سەرەنجام لە ڕۆژی ١٧ی مانگی١٢ی ١٩٤٦دا، سوپای ئێران توانی بچێتە ناو شاری مهاباد کە ناوەند و پایتەختی کۆماری کوردستان بوو، دەستی بەسەر شارەکەدا گرێت، بەو شێوەیەش کۆماری کوردستان یان مەهاباد کۆتایی پێهات.

لە کاتێکدا کۆماری کوردستان وەک ڕووداوێکی مێژوویی دەبینرێت، بەڵام داگیرکەران کە هەمیشە بە دوای دەرفەتێکن بۆ نەهێشتن و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد، کۆماری کوردستان وەک وانەیەک دەبینن، ڕوسیا جارێکی دیکە پشتی کردە کورد و ئاسمانی عەفرین دایە تورکیا بۆ ئەوەی بە فڕۆکە جەنگییەکانی گەلی کورد بۆردومان بکات، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیش، لە ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و لە ساڵی ٢٠١٨ـدا هێرشی کردە سەر کانتۆنی عەفرین کە بە هەوڵ و خوێنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد بووبوو بە خاوەن پێگەیەک و سیستمێکی دیموکراتی دامەزراندبوو، لە ئەنجامدا عەفرینی داگیری کرد و ئەو داگیرکارییەش تا ئێستا بەردەوامە.

کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی و هاوڕێکانی وانەی زۆری بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد تێدایە، لە سەروی هەموویانەوە ئەوەیە، بێ یەکگرتوویی هەموو چین و ڕێکخستنە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، دەسکەوتەکان ماوەکورت و لە مەترسی لەناوچووندا دەبن، دوای ئەوە، ستاتۆی دیموکراتی گەلی کورد لە بواری ڕووبەرەوە دەبێت هەمووی بەشەکان و هەرێمەکانی کوردستان بگرێتەبەر و هیچ بەشێک لە کۆمەڵگای کوردستان لە دەرەوەی ئەم بازنەیە نەهێڵدرێتەوە، لە پاڵ ئەمانەدا، تێڕوانینی هێزەکانی دەرەوە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا سەلماندی، کە گەلی کورد تەنها بە پاڵپشتیکردنی هێزی خۆی و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان دەتوانێت دەستکەوتەکانی بپارێزێ و زلهێزە هەرێمی و جیهانیەکان بە ئاسانی دەتوانن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان گەلی کورد بێ ماف بهێڵنەوە، ئەم ڕاستیە لە ئێستاش بواری دووبارەبوونەوەی هەیە.

شۆڕش ئالان فەرماندەی بڕیارگەی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، لەسەر تایبەتمەندییەکانی کۆماری کوردستان دەڵێت: کۆماری کوردستان کۆمارێک بوو کە بۆ گەلی کورد هیوایەک بوو، پێکەوەژیانی دەستەبەر کرد و بە هەموو کەسی نیشاندا کە کورد هەرچەندە لە شێوازی بەڕێوەبردن ئەزموونی کەم بێت، بەڵام دەتوانێت ببێتە نوێنەرێکی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگایەکی ئازاد و سیاسی بە ئەخلاق.

شۆڕش ئالان لەسەر چالاکییەکانی ئەو کاتەی کۆمار دەڵێت: هەموو کورد لەوێدا کۆبوونەوە و پێویستیان بەوەبوو کە یەکگرتوو بن خۆیان بەڕێوەببەن، لەو ماوەیەدا زۆرێک کاری جیاواز لە ڕووی فەرهەنگی و سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی پێشکەوت، بە تایبەتی بەم شێوەیە کۆمار ئەو ئاواتەی زیندوو کردەوە کە کورد دەتوانێت خاوەن ڕێبەر و پێشەنگ و شێوازی بەڕێوبەری و ئابوری خۆی بێت.

شۆڕش ئالان لەسەر هەلومەرجی ئەو کاتە دەێت: لەو کاتەدا فشارەکان لە سەر کۆماری مهاباد لە ئاستێکی بەرزدا بوو، بە تایبەتی کاتێک کە سیستمی جیهانی دوای شەڕی دووەم لە سەرەتاوە دیزاین دەکرایەوە، جارێکی دیکە ویستیان ئێران لە قاڵبێکی نەتەوەیی و شۆڤێنی دابمەزرێننەوە، لەدژی کورد پیلانگێڕییەک پێشکەوت و کورد و ئازەری بە تەنیا هێلدرانەوە و کۆماری کوردستان ڕووبەڕووی هێرش بووەوە و بە هۆیی پتەونەبوونی پەیوەندییە دیبلۆماسی و ناوخۆییەکان و پتەونەبوونی هێزی سەربازیی، خۆی نەگرتبوو، پێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتیی دروست نەکردبوو، هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەناوخۆیدا نەگرتبوو، هێزی سەربازیشی کەم بوو، ئەگەرچی ناوەڕۆکی بە تەواوی دیموکراتی بوو.

شۆڕش ئالان لەسەر وانەکانی کۆمار و ئەزموونی بۆ ئەمڕۆ دەڵێت: لەو پیلانگێرییەدا قازی محەمەد و هەڤاڵانی پێشیان لە کۆمەڵکوژییەکی دیکە بۆسەر گەلی کورد گرت، بۆیە ئەو وانەیەی کە دەبێت لە کۆمار وەریبگرین، ئەوەیە کە دەبێت وەک ئەو کاتە چون جوڵانەوەی هیوا لە باشور، خۆییبوون لە ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان دروستبوو و یەکێتی کوردی نیشاندا، ئەمڕۆش لە سەردەمێکی وەهاداین کە بۆ بەهێز کردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی و بتوانین پێش بە هێرش و پیلانگێری سەر کوردان بگرین و لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی کۆماری کوردستان کە لەگەڵ پارچەکانی دیکە پێشیخست، هاوپەیمانیەتی گەلان پێشبەخین و ببینە وەڵامدەری قۆناغێکی لەو شێوەدا و لە دیزاینی نوێ ناوچەکە جێبگرین، کاتی ئەوە هاتووە کورد ببێتە خاوەن ناسنامەی خۆی و بە ڕۆحی کۆماری کوردستان و بە یەکێتی نەتەوەیی بگاتە ئامانجەکانی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا کەیوان ئازاد، مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە بەشی مێژوو دەڵێت: دوای جەنگی جیهانی دووەم، دەوڵەتانی هاوپەیمان کە بریتی بوون لە یەکێتی سۆڤیەت، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەمریکا لە سەر ناوچەکانی ئێران ململانێیان تێکەوت، ڕوسیا بە پشتیوانی کردنی بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەیویست لە بەرامبەر ئەمریکا و بەریتانیا بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بگات و بیکات بە کارتی فشار بۆسەر ڕکابەرەکانی.

د. کەیوان ئازاد هۆکارەکانی کورتی تەمەنی کۆماری کوردستانی گەڕاندەوە بۆ چەند لایەنێک و وتی: کۆمەڵی کوردەواری ئێمە لەو کاتەدا ٩٥٪ی نەخوێندەوار و ٨٥٪ـیان گوندنشین بوون، بۆیە بۆ کۆمەڵگایەکی تیرەگەرا و عەشیرەتگەرا زۆر قورس بوو کە بەرامبەر بەو دەوڵە زلهێزانە بوەستن، ئەگەرچی کۆمەڵێک دەستکەوتیشی هەبوو، هاوکات هۆیەکیتری ئەو ڕووخانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سنووری دەسەڵاتی کۆماری کوردستان جگە لە بۆکان و مهاباد شوێنی دیکەی نەگرتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستی دەرەکی و بەرژەوەندی دەوڵەتانی زلهێز، هۆکارەکانی دیکە ئەو ڕووخانە بوون.

د. کەیوان ئازاد لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: کورد هەزاران ساڵە بە شوێن قەوارەی سیاسی و ناسنامەی خۆیدا دەگەڕێت، بۆیە لە هەر پارچەیەک تروسکاییەک دەبینێت هەمووی بە جارێک پشتیوانی لێدەکەن، دواتر بە دەستی جیاواز هەموو شتەکانی لێ دوور دەخەنەوە، ئەو کاتەش تووشی کێشە و ململانێ و دەستێوەردانی دەوڵەتان دەبێت لایەنەکان پەرتەوازە دەبن و ڕوو لە دەوڵەتان دەکەن و وایانکرد کەمتر لە کاریگەری ڕووخانی کۆمارییان بەرکەوت.

س.ح