هەپەگە بە ڕێزەوە یادی فەرماندەیەک دەکاتەوە

هەپەگە رایگەیاند، تێکۆشەر گەڤەر (موسلح ئیکە) ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازیی هەپەگە ساڵی رابردوو لە هێرشێکی ئاسمانی دا شەهیدبووە، راشیگەیاند "وەک هاوڕێیەکی پێشەنگ لە مێژووی تێکۆشانماندا جێگای خۆی کردووەتەوە".


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە لە هێرشێکی ئاسمانی لە ٢٠ی مانگی هەشتی ٢٠١٩ دا هەڤاڵ تێکۆشەر گەڤەر (موسلح ئیکە) شەهید بووە.

دەربارەی ئەو فەرماندەیە، هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە بەمشێوەیەیە:

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە هێرشەکانی لەسەر بزووتنەوەکەمان و حیزبەکەمان زیاتر کردووە و هەوڵ دەدات بە بەڵێنی لەناوبردنی پەکەکە خۆی لەسەر پێ بهێڵێتەوە، بەڵام بەرامبەر بە بەرخودانی گەورەی گەریلای کوردستان تێکشکاوە.

لە سایەی بەرخودانی گەریلاکانی کوردستاندا ئۆپراسیۆنی داگیرکەری لە دژی باکوور و باشووری کوردستان پوچکرانەوە. سوپای تورکی داگیرکەر هەموو جارێک گورزی قورسی بەردەکەوێت و لە بەرامبەر رۆحی بەرخودان و فیدایی ئاپۆیدا خۆی پێ راناگیرێت و گورزی گەورەی مێژوویی بەردەکەوێت.

بێگومان ئەندازیاری ئەو بەرخودانە مێژووییەی دژ بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەهیدە قارەمانەکانمان، کە فیداییانە شەڕ دەکەن. یەکێک لەو قوربانیانەی بەخشیومانە، ئەوەیە کە هەڤاڵمان تێکۆشەر گەڤەر (موسلح ئیکە) لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٩دا لە هێرشێکی ئاسمانی لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهید بوو.

ناسنامەی هەڤاڵە شەهیدەکەمان بەمشێوەیەیە:

نازناو: تێکۆشەر گەڤەر

ناو و پاشناو: موسلح ئیکە

شوێنی لە دایکبوون: جۆلەمێرگ

ناوی دایک و باوک: مەحبوبە – ئەحمەد

کات و شوێنی شەهید بوون: ٢٠ی ئابی ٢٠١٩ / هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.

 

هەڤاڵمان تێکۆشەر لە ساڵی ١٩٩٣ بەشداری رێزەکانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بووە و ماوەیەکی دوور و درێژ لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا تێکۆشاوە. هەڤاڵ تێکۆشەر بە بڕوایەکی گەورەی پەیوەستبوون بە گەل، بە حیزبمان، شەهیدان و رێبەر ئاپۆ وە، هەموو ئەرکەکانی سەرکەوتوانە بە ئەنجام دەگەیاند و دوا ئەرکی ئەندامبوون بوو لە ئەنجوومەنی سەربازیی هەپەگە.

هەڤاڵ تێکۆشەر لە تێکۆشانی گەریلایی خۆیدا سەرەتا لە ناوچەی زاگرۆس دەستی بە تێکۆشان کرد و کارەکتەری دینمامیک و چالاکی خۆی بەرەو پێشبرد و لە گۆڕەپانی بۆتان و زۆر ناوچەی تردا شەڕیکردووە و تێکۆشاوە. هەڤاڵ تێکۆشەر لەو چالاکییانەدا، کە بەشداربووە بە رۆحێکی گەورەی هێرشبردن فەرماندەیی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکییەکانی دژ بە دوژمن کردووە. هەڤاڵ تێکۆشەر زۆر جار بریندار بووە، بەڵام هەرگیز رێگای بە خۆی نەداوە لە هیچ کار و چالاکی و تێکۆشانێک دوا بکەوێت.

هەڤاڵ تێکۆشەر کە فەرماندەیەکی ژیر و تاکتیکزانێکی بەهێز بوو، بە چالاکییەکانی لە چوارچێوەیی بونیاتنانەوەی نوێ لە دژی هەوڵەکانی دوژمنی داگیرکەر کاریگەرییەکی گەورەی دروستکردبوو.

هەڤاڵ تێکۆشەر لە هەر گۆڕەپانێکدا بوو بێت، جەنگاوەر و میلیتانێکی دڵسۆزی رێبەر ئاپۆ بووە و لە قورسترین هەلومەرجەکانیشدا دەستبەرداری هێڵی رێبەر ئاپۆ و شەهیدان نەبووە. هەڤاڵ تێکۆشەر بە هەڵوێستەکانی خۆی، بە جۆش و خرۆش و ورەی خۆی، یەک بە یەک گرنگیی بە شەڕڤانەکانی خۆی دەدا و ئەزمونی خۆی بۆ دەگواستنەوە.

سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هێژای ئیکە و هەموو گەلی وڵاتپارێزمان دەکەین و پەیمان و بەڵێنی خۆمان دووبارە دەکەینەوە، کە ئێمە لە کەسایەتیی هەموو هەڤاڵانی شەهیدماندا، تێکۆشانمان بۆ ئازادی بگەیەنینە سەرفیرازی.

س.ح