ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە سزادانی دوو سەربازی تورکی لە گردی میلیتان ڕاگەیاند و ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە چەندین ناوچەی باشووری کوردستان لەلایەن سوپای تورکەوە بۆردوومان و تۆپباران کراون.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی گەریلا دژی سوپای تورک و هەروەها بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورک لە باشووری کوردستان بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕۆژی ٢٨ی ١١ تیمە جوڵەپێکراوەکانی گەریلا لە دوو قۆڵەوە چالاکییان دژی سوپای تورک لە گری میلیتان ئەنجامداوە، ئەو چالاکییە بە زرێپۆشێکی پێشکەوتووی گەریلا ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا دوو داگیرکەر سزادراون.
ئەوەش خراوەتەڕوو: ڕۆژی ٢٧ی ١١ هێزەکانمان لە گردی میلیتانی قاشوورا چالاکییەکیان لەدژی پێگەیەکی سوپای تورک ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا داگیرکەرێک برینداربووە.
هەروەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەنێوان ٢٧ و ٢٩ی ١١ ناوچەکانی زاپ، چەمچۆ، ڕێنچبراخا، گردی ئێف ئێم و سیدا لەلایەن بنکە سەربازییەکانی سەرسنوورەوە تۆپبارانکران، هاوکات ڕۆژی ٢٧ی ١١ گردی هەکاریی لە مەتینا بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومانکرا.
هەروەها هاتووە: ڕۆژی ٢٠ و ٢٧ی ١١ ناوچەکانی ئەرگەنێ و دەرگای ورچ لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە بۆردوومانکراون، لە ئەنجامیشدا زیان بە ڕەز و باخی خەڵکەکەمان لە باشووری کوردستان گەیشتووە.
ب.ل