هەپەگە لەبارەی بۆردوومانەکەی بامەڕنێ-وە ڕاگەیەندراویکی بڵاوکردەوە و پەدەکە و میدیاکانی بەدرۆخستەوە و دەڵێت، هێرشەکە تورکیا ئەنجامیداوە، ڕەتیشیدەکاتەوە، کە هێرشیان بۆسەر پەدەکە ئەنجام دابێت و دەڵێت: لە چالاکییەکدا دوو سەربازی تورکمان سزاداوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل –هەپەگە، کەمێک بەر لە ئێستا ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە بۆردوومانەکەی دوێنێی دەوڵەتی تورک لە بامەڕنێ بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوێنێ لە شارەدێی بامەڕنێ لە دەڤەری ئامێدی، لەئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوو منداڵ شەهیدبوون، کە لەگەڵ خێزانەکانیاندا لە گەشتدابوون، سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەکانیان و هەموو گەلی کورد دەکەین و هیوای شیفای بەخێر بۆ بریندارەکان دەخوازین، لەم ڕووداوەدا جارێکی تر ڕووی ڕاستەقینەی پەدەکە و هاوبەشییکردنی دەوڵەتی تورک و سیاسەتە هەڵەکانی بۆ خەڵک ئاشکرابوو.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەندێک لە بەرپرسان و میدیاکانی پەدەکە، هەوڵیاندا ئەو ڕووداوە بخەنە ئەستۆی هێزەکانی گەریلامان و ئێمەی پێ تۆمەتباربکەن، ئەم هەوڵە ترسی ئەوانە لە ناڕەزایەتیی خەڵکی خاوەن ماف لە دژیان، بەڵام گەلەکەمان چونکە ڕاستیی بە چاوی خۆی بینیوە و دەزانێت، بڕوا بەم تۆمەتانە ناکات، گەریلاکانی ئازادیی بۆ پاراستنی کەرامەتی گەلی کورد و باشووری کوردستان، قوربانیی گەورە دەدات و بەشێوەیەکی فیداکارانە دژی دووژمن شەڕدەکات، پەدەکە کە هەمیشە ڕەوایەتیی دەدات بە کۆمەڵکوژیی دووژمن لەسەر گەلەکەمان، پێویستە دەست لەم هەڵوێستە هەڵەیەی هەڵگرێت.
هەپەگە دەشڵێت”هێزەکانی گەریلا گورزی کوشندە لە سوپای تورک دەدەن، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە تێکچوونی مێژوویی دەوڵەتی تورک بگرن، هەوڵ دەدەن، کە بە دەستی هەندێک هێزی نێو پەدەکە ئاژاوەگێڕیی دروست بکەن و بەم شێوەیە زەمینەی شەڕی ناوخۆی کورد دروست بکەن، پێشتریش لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکرابووەوە، کە پەدەکە بۆ ئەوەی ڕەوایەتیی بە بەشدارییکردنی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورک بدات، هەندێک پیلانی چەپەڵ جێبەجێ دەکات”.
هەروەها، ئاشکرای دەکات، لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٢دا هەندێک هێزی پەدەکە لە هەرێمی گۆشینی سیدەکان بەرەو بارەگاکانی گەریلاکانمان پێشڕەویان کرد، ویستیان شەڕ دروست ببێت و بەم شێوەیە ئاژاوە دروست ببێت، بەڵام بە نزیکایەتیەکی بەرپرسیارانە یەکینەکانمان ئەو ئاژاوەگێڕیانەیان پوچەڵ کردەوە، سوپای داگیرکەری تورک لە ٢٥ی ئایاردا لە هەرێمەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەدەکەدا تێپەڕبوون و لە ئاسمان و زەمینەوە هێرشیان کردە سەر گردی هەکاریی هەرێمی مەتینا.
“لە چالاکیی ٢٦ی ئایاردا لەداگیرکەران درا”
هەپەگە ڕاشیدەگەیەنێت: لە ٢٦ی ئایاردا سوپای داگیرکەری تورک لە گۆڕەپانی گردی شەهید ئاگر لە گردی ئۆرتێی مەتینا بووە ئامانجی هێزەکانمان، لە چالاکییەکەدا دوو سەربازی تورکی داگیرکەر سزادران، ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن ‘گەریلا هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی پەدەکە’ ڕاست نین.
“پێویستە پەدەکە دەست لە هەڵوێستی هەڵەی خۆی هەڵبگرێت”
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:”لەم کاتەدا کە سوپای تورک تەنگەتاو بووە و لەبەرلێواری تێکشکانە، جموجوڵی لەم شێوەیەی هێزەکانی پەدەکە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆی میدیای پەدەکە، ئاشکرایە کە بۆ چییە، شەڕی نێوان کوردان جگە بەرژەوەندیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە. ئاشکرایە کە کارەساتێکی بەم شێوەیە لە کوردستان دەبێتە هۆکاری، نائارامیی و شکستێکی گەورە، ئێمە بانگ لە پەدەکە دەکەین کە دەست لەم هەڵوێستە هەڵەیە هەڵبگرێت و زیان بە گەلی کوردستان و بە تایبەتی باشووری کوردستان نەگەیەنێت”.
ش.ف