هەپەگە: لە ئاگری ١٠ سەربازی سوپای تورک کوژران

هەپەگە ڕایگەیاند، لە چالاکیی گەریلاکانی لە ئاگری بە لانیکەمەوە ١٠ سەربازی سوپای داگیرکەری تورک کوژراون.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکانی دژی سوپای داگیرکەری تورک لە ئاگری باکوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێزەکانمان دوای ئەوەی یەکینەیەکی سوپای تورکیان لە نزیک بنکەی سەربازیی شیلێ ناوچەی بازێدی ئاگری خستە ژێر چاودێرییەوە، ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠١:٠٠ی دوانیوەڕۆ دژی ئەو یەکینەیە چالاکییەکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا ١٠ سەرباز کوژران و ١٠ی دیکەش برینداربوون.

لە بەردەوامی هاتووە: ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٣:٤٥ خولەکی دوانیوەڕۆ، هێزەکانمان دژی سوپای داگیرکەری تورک لەسەرگردی پارتیزان چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا مۆڵگە و حەشارگەکانی دوژمن کرانە ئامانج بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان ڕوون نەبووەتەوە.

هەروەها هاتووە: ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٨:٢٠ خولەکی بەیانی هێزەکانمان جارێکی دیکە لەسەر گردی پارتیزان چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەش چادر و کۆنتینەرەکانی دوژمن سووتێندران و ڕووخێندران، بەڵام ژمارەی سەربازە کوژراو و بریندارەکان ڕوون نەبووەتەوە.

هێرشی ئاسمانی

ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە کاتژمێر ١١:٤٥ خولەکی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک، مەیدانی کەستا لە هەرێمی مەتینا-یان بۆردوومان کرد.

ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٤:٠٠ی ئێوارە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک، مەیدانی تەپە سۆر لە هەرێمی ئاڤاشین-یان بۆردوومان کرد.

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی بەیانی، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک، مەیدانی وەرخەلی لە هەرێمی مەتینا-یان بۆردوومان کرد.

لە کۆتاییشدا هاتووە: ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە لە هێرشێکی ئاسمانیدا دوو هەڤاڵمان شەهید بوون کە دواتر ناسنامەیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت.

س.ح