هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکیی گەریلاکان و بۆردوومانەکان بڵاوکردەوە

گەریلاکانی یەژاستار لە جولەمێرگ چەند چالاکییەکیان لەدژی سوپای تورک ئەنجامداوە، هەروەها فرۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیش بەردەوامن لە بۆردوومانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا.


ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ئەنجامەکانی چەند چالاکییەکی گەریلاکانی یەژاستار و بۆردوومانەکانی سوپای تورکی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای خستەڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە هەنگاوی شۆڕسگێڕانەی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆزدا، گەریلاکانی یەژاستار دوێنێ کاتژمێر ٠٩:٠٠ی سەرلەبەیانی لەدژی بارەگای سەربازیی گرێی سەر بە چەلێی جولەمێرگ چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا گورزی توند لە هێزەکانی دوژمن درا، بەڵام ژمارەی کوژراو بریندارەکانیان نەزانرا، هەر دوێنێ کاتژمێر ٠٦:٣٠ خولەکی ئێوارە لەسەر گردی لێلکانی سەر بە دەڤەری برادۆستی باشوری کوردستان چالاکییەکی بەقەناس ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا سەربازێکی سوپای تورک کوژرا.

هەپەگە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاندووە: بۆردوومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامە، دوێنێ کاتژمێر ٠٨:٠٠ بۆ ١٠:٠٠ی شەو گوندەکانی گراڤا، کۆرتەک، ئۆرتا ئالان، بۆلێ، گردی هیوا و ناوچەکانی گوندی سلێی سەر بە قەندیل، ناوچەی وەرخەل و دۆڵی کۆنفرانسی سەر بە ئاڤاشین، ناوچەکانی چەمچۆ، کونشکا و فیلەهای سەربە زاپ، هەروەها دۆڵی کێستێ سەربە مەتینا، ناوچەی شەهید بێریتان، گەلیی ئاشوت و کێلەشینی سەر بە خواکورک بۆردوومان کران.

هەروەها ئەوەش ڕاگەیەندراوە، کە ڕۆژی ٩ی تەموز کاتژمێر ٠٧:٣٠ خولەک دۆڵی نێرگێ و ئالانتوسی سەربە زاپ بۆردوومان کران.

لەکۆتاییشدا هەپەگە ڕایگەیاندووە: لە گوندی مەردیڤەنی سە ربە پولوری دەرسیم دەستەیەک لە کۆنتراگەریلاکان بە جلی گەریلاوە هاوڵاتیانیان ئازارداوە.

ب.ل