هەڵبژاردنەکانی ئێران دەستیپێکرد

هەڵبژاردنەکان لە ئێران دەستیپێکرد و زیاتر لە ٥٧ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بۆ ئەوەش لە ٣١ پارێزگا ٢٠٨ بازنەی دەنگدان دیاریکراوە.


هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی ئێران کەمێک لەمەوبەر دەستیپێکرد.

بەپێی دوایین ئاماری کاربەدەستانی ئێران، ٥٧ ملیۆن و ٩١٨ هەزار کەس لە ئێران مافی دەنگدانیان هەیە، کە ٢٩ ملیۆن و ٣٩ هەزاریان پیاو و ٢٨ ملیۆن و ٨٧٩ هەزاریشیان ژنن، هەڵبژاردنەکان لە ٣١ پارێزگای ئێران و لە ٢٠٨ بازنەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرینەی لایەنە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان پرۆسەکەیان بایکۆت کردووە و داوایان لە هاوڵاتیان کردووە نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

هەڵبژاردنەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٢٩ بازنەی دەنگداندا بەڕێوەدەچێت و ٣٨ ئەندام داچێتە پەرلەمانەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ١٣ی ئەم مانگە بانگەشەی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ١١ـەمین خولی پەرلەمان دەستیپێکرد و بەیانی دوێنێ کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانیی کۆتاییپهات.

وێڕای بایکۆتی بەشێکی زۆری گەلانی ئێران، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا'ش هۆکارێکی دیکە دەبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

س.ح