هەڵمەتێک بۆ بایکۆتی کاڵای تورکی و ڕووکردنە بەرهەمی خۆماڵی بەڕێوەچوو

هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی لەلایەن چەند گەنجێکی شارۆچکەی دەربەندیخان بەڕێوەچوو، سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکەش باس لەوەدەکەن هاوڵاتیانیان ئاگادارکردووەتەوە بەرهەمی خۆماڵی لەجێگای بەرهەمی تورکی بەکاربهێنن.


هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵاو کۆمپانیا تورکییەکان لەزۆربەی شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە، لەو چوارچێوەیەش هەڵمەتێکی دووڕۆژە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی لەلایەن ژمارەیەک چالاکوانی گەنجی شارۆچکەی دەربەندیخان بەڕێوەچوو.

ئاسۆ  عه‌لی، چالاکوان و یه‌كێك له‌ سه‌رپه‌رشتیارانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌، بەڕۆژنیوزی وت: دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی بایكۆتكردن ده‌ستی پێكرد، به‌ باشمانزانی ئه‌و هه‌ڵمه‌تە له‌ ده‌ربه‌ندیخان ئه‌نجام بده‌ین.

وتیشی: له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ماندا له‌ناو شارۆچكه‌كه‌ ماڵ به‌ماڵ گه‌ڕاوین و كارت و ڕێنماییمان پێداون، كه‌ بایكۆتی كاڵای توركی بكه‌ن، چونكه‌ توركیا به‌و پاره‌ییه‌ی ئێمه‌، برا و خوشكه‌كانمان له‌ ڕۆژئاوا شه‌هید و کۆچبەر ده‌كات، باشترین فشاره‌ ئێمه‌ له‌ باشوور كاڵاكانی ئه‌و وڵاته‌ داگیركه‌ره‌ بایكۆت بكه‌ین و به‌م كاره‌ زیان به‌ ئابووری توركیا بگه‌یه‌نین.

ئەو چالاکوانانە داواشیان لە فرۆشیارو خاوەن مارکێتەکان کردووە کاڵای تورکی نەهێنن و لەجێگای ئەو ڕوو لەبەرهەمی خۆماڵی بکەن، دەشڵێن"بە بڵندگۆش بانگەوازیمان لەنێو شارۆچکەکە کردووە بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی".

 

ب.ش