هەڵوێستی حزبە ناڕازییەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن

حزبە ناڕازییەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلول، چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن و یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکانن، بۆ ئەوەی هەڵوێستی یەکجاریی خۆیان لەسەر هەڵبژاردن دەربڕن.


ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بەشێک لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکە، ناڕازیین لە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن و پێیانوایە، کە ساختەکاریی "زۆر" لە هەڵبژاردنەکەدا کراوە.

هەتا ئێستا هەریەکە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنیان ڕەتکردووەتەوە، هەروەها یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان-یش چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەی سکاڵاکانن، بۆ ئەوەی هەڵوێستی کۆتایی خۆیان لەسەر ئەنجامەکان بخەنەڕوو.

هەرچی نەوەی نوێیە، ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنەکە، لەزاری شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکەوە، هەڵوێستی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند، کە "ئەگەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە بەمشێوەیە بێت، ئەوا ناچنە پەرلەمان"، دواتریش شاسوار عەبدولواحید نامەیەکی ئاراستەی کۆمسیۆن کرد و تیایدا داوای لێکردن، کەوا ئەنجامەکان پەسەند نەکەن و هەڵیبوەشێننەوە، بەڵام وتەبێژی جوڵانەوەکە دەڵێت، کە لەگەڵ ئەو هەڵوێستەشدا، چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دەکەن، بۆ ئەوەی ئەوکات بەپێی ئەو ئەنجامە، ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەکەیان هەڵوێستی یەکجاریی خۆی ڕابگەیەنێت.

کازم فاروق، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز، ئەوەشی وت: ئەم ساختەکاریی و پێشێلکارییانە قابیلی قبوڵ نییە، ئێمە کۆمەڵێک بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان لەسەر ساختەکارییەکان پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە، بە کۆمسیۆنیشمان وتووە، کە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەمشێوازە، لەکەیەکی گەورەیە بە پرۆسەی دیموکراسییەوە لە هەرێمی کوردستان.

دەربارەی چارەنووسی کورسییەکانیشیان، لە حاڵێکدا ئەگەر نەچنە پەرلەمان، وتەبێژی جولانەوەکە جەختیکردەوە، کە بەهیچ شێوەیەک قبوڵناکەن دەنگەکان بەسەر حزبەکانی دیکەدا دابەشبکرێت و سازش لەسەر یەک دەنگی جوڵانەوەکە ناکەن، بۆ دەربڕینی هەڵوێستی کۆتاییشیان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، وتەبێژی جوڵانەوەکە وتی: بۆ ئێستا دوو هەڵوێستمان هەیە، بەڵام لە داهاتوودا هەر پێشهاتێکی تر بێتە پێشەوە، بەدڵنیاییەوە ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ کۆدەبێتەوە و هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت.

بزووتنەوەی گۆڕانیش، بۆ دەربڕینی هەڵوێستی کۆتایی خۆیان، چاوەڕانی ئەنجامی کۆتایی و یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان دەکەن، بڵاوکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکانیش تەنها بە پەیوەستبوونی كۆمسیۆن بە كات و یاساوە دادەنێن و هیچ كام لە كۆمسیارانیان واژۆیان لەسەر ئەو ئەنجامانە نەکردووە.

شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، بە میدیاکانی حزبەکەی ڕاگەیاندووە: چاوەڕوانی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دەكەیین و ناچینە ژێر باری ئەو ساختەكاریی و گاڵتەجارییەی پارتی و یەكێتی ئەنجامیانداوە.

شۆڕش حاجی، کە هاوکات ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندی بزووتنەوەکەیە، جەختیشیکردووەتەوە، کە ئەگەر سكاڵاكانیان ڕەچاو نەكرێن، "ئەوا سەر لەبەری پرۆسەكە و ئەنجامەكان رەتدەکەنەوە".

یەکێتی نیشتمانی کوردسیانیش، تێبینی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەیە، جەختیش لە "پێویستیی تەواوكردنی ڕێكارە یاسایی ‌و هونەرییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن لەلایەن كۆمیسیۆنەوە دەکەن، کە بەشێوەیەكی بێلایەنانە و لەسەر بنەما یاسایی ‌و دیموكراسییەكان بێت".

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، تیایدا دەربارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلول دووپاتیان کردبووەوە، كە لە ڕێگای كەناڵە یاسایی‌ و فەرمییەکانەوە، هەوڵی تەواو بۆ پاراستنی متمانە‌ و دەنگی دەنگدەران دەخەنەگەڕ.

دەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش ڕایانگەیاندبوو، کە لە كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكاندا، هەڵوێستی كۆتایی خۆیان ڕادەگەیەنن.

هەرچی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیشە، کە لە هاوپەیمانییەکدا لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بەناوی لیستی بەرەو ئیسڵاح بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلول کرد، نیگەرانن لە بەرامبەر "ئەو پێشێلکاریی و ساختەکارییانەی، لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامیان داوه‌ و بووه‌ته‌ هۆی ناشیرنكردنی پرۆسه‌كه‌".

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگەش ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو کۆبووەوە و تیایدا ‌ بڕیاریدا به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی "ده‌رئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌ راگه‌یەنراوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلول‌، به‌هۆی ئه‌و هه‌موو پێشێلكاری و ساخته‌كاریانه‌ی كه‌ ڕووبه‌ڕووی پرۆسه‌كه‌ بووه‌ته‌وه".

لەگەڵ ئەوەی کە سەرجەم ئەم لایەنە ناڕازییانە کۆکن لەسەر ئەوەی کە ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامدراوە و هەریەکەیان چەندین سکاڵاشیان لەسەر ئەنجامەکان و ساختەکارییەکان لە کۆمسیۆن تۆمارکردووە، بەڵام  لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنن، بۆ ئەوەی هەڵوێستی یەکجارەکی خۆیان دەرببڕن.

ئێستا هەموو لایەنەکان چاویان لەسەر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان بڵاوبکاتەوە، کۆمسیۆنیش دەڵێت، کە پەلەیان نییە لە بڵاوکردنەوەی ئەنجامی کۆتایی، تا ئەوکاتەی بەدواداچوونی تەواو بۆ سکاڵاکانی لایەنەکان دەکەن.

شیروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، کۆتاییهاتنی پۆلێنکردنی سکاڵای لایەنەکانی ڕاگەیاند، لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنیشەوە، وتەبێژی کۆمسیۆن دەڵێت، کە نایانەوێت پەلە لە بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردن بکەن، تا ئەوکاتەی بەدواداچوونی تەواو بۆ سکاڵاکانی لایەنەکان دەکەن.

لەدوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنیش، هەر حزبێک تانەی لەسەر ئەنجامەکان هەبێت مافی تۆمارکردنی سکاڵای هەیە لە دادگا، ئەگەر بڕیاری دادگاشیان لەسەر سکاڵاکانیان پێ قبوڵ نەبوو، ئەوا دەتوانن وەک خۆیان ئەنجامەکان ڕەتبکەنەوە، بەڵام ڕەتکردنەوەی کۆیگشتیی ئەنجامەکان لەدەستی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندایە.

ب.ل