هەڵوێستی ڕۆژنیوز دەربارەی پێنج مانگ زیندانیکردنی پەیامنێرەکەی

هەڵوێستی ڕۆژنیوز دەربارەی پێنج مانگ زیندانیکردنی پەیامنێرەکەی


لە ڕۆژی ٢١-٧-٢٠١٩وە، زوبێر حەمەدەمین، ناسراو بە زوبێر برادۆستی، پەیامنێرمان لە دەڤەری سیدەکان، لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکرا، دوای چوار مانگ و ١٧ ڕۆژ، ئێوارەی دوێنێ سەربەستکرا و هیچ تۆمەتێکی لەسەرنەبوو تا بەسەریدا ساغبێتەوە، وە سەرنج ڕاکێشە هیچ دادوەرێکی نەبینیوە! تەنها پێیان وتووە لەسەر داوای کەسانێک دەستگیرکراویت.

دەستگیرکردنی زوبێر و دوای نزیکەی پێنج مانگ زیندان، لە کاتێکدایە، کە هێزە ئەمنییەکان فشاریان لەسەر بنەماڵە و کەسوکاری برادۆستی کردووە، کە بڵێن زوبێر پێشمەرگە بووە. هەروەها بە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیان وتووە کە پێشمەرگەیە بۆیە دەستگیریان کردووە.

ئێمە لێرەوە و لە زمانی پەیامنێرەکەشمانەوە جەخت دەکەینەوە، کە زوبێر پێشمەرگە نەبووە و تەنها وەک ڕۆژنامەنووسێک کاری کردووە. هەروەها نیگەرانی قوڵی خۆمان دەربارەی هەڵوێستی سەندیکا و ڕێکخراوەکان دەخەینەڕوو. بەتایبەت سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، کە بەرپرسەکەیان لە شارۆچکەی سۆران بە میدیاکانی وتبوو، زوبێر پێشمەرگە بووەو سیخوڕ بووە! لەسەر ئەو بنەمایە نەقیبی سەندیکا و ئەنجومەنەکانی هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، ئەمەش بە مەترسیدارترین تۆمەت دەزانین و ڕاشیدەگەیەنین، کە دەبوو سەندیکا پارێزەری زوبێر بوایە، نەک دەسەڵات، دەبوو بکۆڵنەوە پاشان بڕیار بدەن، نەوەک پشت بکەنە ڕۆژنامەنووسێک و بەبێ تاوان بۆ نزیکەی پێنج مانگ لە زیندانەکاندابێت.

ڕۆژنیوز داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، دەربارەی دەستگیرکردنی پەیامنێرەکەمان بۆ پێنج مانگ بەبێ بینینی دادوەر و هیچ تۆمەتێک لەسەری، ڕوونکردنەوە بدات و پێمان بڵێن بۆچی ئەم تۆمەتە و بۆچی هێشتنەوەی بۆ ئەو ماوەیە لە زینداندا، وەک دەڵێن لەسەر داوای شەخس یان شەخسانێک لە دەسەڵات دەستگیرکراوە. دەبێت حکومەتی هەرێم ڕوونی بکاتەوە، کە ئایا بەچ یاسایەک کەسانێک ڕۆژنامەنووس دەستگیردەکەن و دەیانهێڵنەوە لە زینداندا؟ ئایا حکومەت ئاگادارە، یان نا؟ کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا کردەیەکی مەترسیدارە دژی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسیی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان و دیموکراسییەت.

ئێمە لە ڕۆژنیوز بە دوواداچوون بۆ کەیسەکە دەکەیەن، هەروەها ئەرکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانە بەدووداچوونی ورد بۆ ئەو تۆمەتە بکات، کە مەترسیدارە بۆ تەواویی ڕۆژنامەنووسان.

دەستەی بەڕێوەبەریی ڕۆژنیوز

٩-١٢-٢٠١٩