هەڵگرەوانی مین سەربازیی ونن

دەزگای مین بە هاوبەشی لە گەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵدا، لە سنووری پارێزگای سلێمانی توانیویەتی لە ٢٣٤ ملیۆن مەتر چوارگۆشە ناوچەی پیسبوو بە مین، تەنیا  ٦١ ملیۆن مەتری چوارگۆشە پاک بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ئەندامانی سەرەڕای گرانی کارکردنیان لە هەموو مافە سەرەکییەکانیان بێ بەشن.


شەڕی ئێران و عێراق، کە لە مانگی ٩ی ١٩٨٠ – بۆ مانگی ٨ی ١٩٨٨ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا زۆرترین مین لە ناوچە سنوورییەکاندا لە لایەن هەردوو لاوە چێندراوە و تا ئێستاش ئاسەوارەکەی ماوە و زیانی گیانی و ماددی لە گەڵیدا بەردەوامە، هەردوو سنوورەکەش زۆرترینیان دەکەونە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە.

دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، دەزگایەکی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە، کە پێکهاتووە لە شەش بەڕێوبەرایەتی گشتی لە هەر یەک لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی گەرمیان، هەروەها بەڕێوبەرایەتی گشتی کارگێڕی دیوان و بەڕێوبەرایەتی گشتی کارگێڕی و تەکنیک، هەر بەڕێوبەرایەتییەک سنووری ئەو ناوچەیە بەرێوە دەبات کە تیایەتی و ئەو ناوچانە پاک دەکاتەوە کە مین ڕێژ کراوە.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی ١٨ تیم کار دەکەن، هەر تیمێک پێکهاتووە لە ١٥ کەس کە ناوچەکانی پێنجوێن، شارباژێڕ، قەڵادزێ و چەند شوێنێکی دیکە دەگرێتەوە، بە وتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەو سنوورە توانیویانە لە ٢٣٤ ملیۆن مەتر چوارگۆشە ناوچەی پیسبوو لە دوای ساڵێ ١٩٩١ـەوە بە هاوبەشی لە گەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ٦١ ملیۆن مەتری چوارگۆشە پاک بکەنەوە.

پڕۆسەی پاکسازی مین پرۆسەیەکی سستە، بە هۆی ئەوەی کە ئەگەر بە شێوازی شپرزەیی یان بە پەلە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ئەوە بە هەڵەکردنێک، کارمەندەکە یان کەم ئەندام دەبێت یاخود گیانی لە دەست دەدات.

وەک بەرپرسانی دەزگای مین باسی دەکەن، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە هۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانەوە، دوو جار مین چێندراوە، بۆیە زۆرترین مین لە سنووری پارێزگای سلێمانییە.

هەر بە پێی زانیاری دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چەند ساڵی کارکردنیان لەم سنوورە، ٧٣٩ مینی دژە تانک، ١٠٠ هەزار مینی دژە کەسی "ئەڵغامی شەخسی" دۆزراونەتەوە، هەروەها لە ساڵی ١٩٩١ـەوە تا ئێستا، لە هەرێمی کوردستان نزیکە ١٤ هەزار بەرکەوتەی مین هەیە، کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٦٠٠٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٤٧٥ کەسیش بریندار.

ئەو مینانەی کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە، لە جۆرەکانی ئیتاڵی، ڕووسی، ئەمریکی، ئیسرائیلی، چینی، ئێرانی ـە، بەڵام زۆرینەیان ئیتاڵییە.

تیمەکان کارکردنیان لە وەرزی بەهار، هاوین و ماوەیەکی کەم لە پاییز دەبێت و ڕۆژانە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان کۆدەبنەوە و بەرەو ناوچە مینڕێژ کراوەکان دەکەونە ڕێ و تا نیوەڕۆ کاردەکەن و لە کاتی کارکردندا لە نێوان دوو کاتژمێردا ٢٠ خولەک پشوو وەردەگرن.

کار و چالاکییەکانی دەزگای مین بە سێ ئاستدا تێپەڕ دەبێت، کە بریتین لە ڕووپێوی کە هێلکاری بۆ دەکرێت، دواتر پاکسازی کە مین لابەر پاکی دەکاتەوە و پاشان کەسێک دێت پشکنینی بۆ دەکات بۆ دڵنیابوونەوە، لە کۆتاییشدا تیمی دڵنیایی جۆریی کە ناوخۆیی و دەرەکیشی هەیە، بە تەواوی دڵنیا دەبنەوە کە ئەم کێڵگە پاککراوەتەوە لە مین.

لە کات ڕاپەڕاندنی کارەکەیان کۆمەڵێک کێشە ڕووبەڕووی دەزگای مین و ئەندامانی دەزگاکە دەبێتەوە، کە بریتین لە نەبوونی نەخشە بۆ ناوچە پیسبووەکان، تۆپۆگرافیای هەرێمی کوردستان کە بە لافاو و باراناو مینەکان تووشی جێگۆڕکێ دەبن و هەروەها دەستکاری کردنی مینەکان لە لایەن هاوڵاتیانەوە و هەڵگرتنیان لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە، دلێر محەمەد سەرپەرشتیاری چالاکییەکانە، لەو چوارچێوەیەدا دەڵێت: ئەوەی کە جێ دەستی ئێمە دەگرێت خەلکی گوندەکانە، کە دێن دەستکاری دەکەن و ڕووبەرووی کێشەمان دەکەنەوە و دەبێت بست بە بستی کێڵگە مینەکان بپشکنی تا بزانی ئایا مینی تێدا هەیە.

شێوازی گەڕان بۆ مین لە کێڵگەکاندا بە دوو جۆری دەستی و میکانیکی بەڕێوە دەچێت.

جەزا عەبدوڵا کە سەرۆک تیمی مین لابەری دەستییە و زیاتر لە بیست ساڵە لەو بوارە کار دەکات، دەربارەی شێوازەکانی گەڕان دەڵێت: ئەم کێڵگەیە دەکرێت بە چەند بەشێکەوە، کە ئەو شوێنانەی تەختن و دۆڵ و شیوە، ئەتوانی بە میکانیکی کاری تێدا بکەیت و ئەوانەشی کە هەوراز و سەختە بە دەستکاری تێدا دەکرێت.

دوای ئەوەی کە لە لایەن تیمی پاککەرەوەوە مینەکان کۆ دەکرێتەوە، ئەوە ڕادەستی ئەو تیمەی دەکەن کە پێویستە لە ناویان ببات، ئەوانیش لە شوێنێکی دیاریکراو بێ ئەوەی زیانی بۆ چواردەور بێت، چاڵێکی بۆ هەڵدەکەنن و سەرجەم مینەکانی تێدا دادەنێن و دواتر سەرەکەی دەگرن و پاشان بۆ ٤٠٠ مەتر لە چاڵەکە دوور دەکەونەوە و دەیتەقێننەوە.

ئەندامانی ئەم دەزگایە لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەژدە تیمن و زیاتر لە ١٠٠ کەسن و بەشێکی زۆریان زیاد لە ٢٠ ساڵە کار دەکەن لەو بوارە، ئەگەرچی ژیانیان لەو پێناوەدا و بۆ پاراستنی هاولاتیان داناوە، بەڵام وەک خۆیان وتیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا خۆی بە بەرپرس نەبینیوە لە ئاستیان و لە کاتی کەم ئەندامبوون، نەخۆشی و تەنانەت شەهیدبوونیان هیچ قەرەبوویەک یان مووچەیەکی هەمیشەییان بۆ دابین نەکراو.

زاهێر حەسەن، کە تیملێدەری تیمی دووی دەستییە، ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرجەم ئەندامەکانی دەزگای مین، لە کاتی برینداربوون، کەمئەندامبوون و شەهیدبووندا هیچ ماف و ئیمتیازاتێکیان نابێت و حکومەت هیچ خاوەندارییەتییان لێ ناکات.

زاهیر حەسەن وتیشی: تا بڵێی لە ڕووی مافەوە بەشخوراوین، لە کاتی حکومەتی بەعسدا ئەو کەسەی مینەکەی داناوە بە خزمەت بۆی هەژمارکراوە، بەڵام ئێمە کە پاکی دەکەینەوە بە خزمەت بۆمان هەژمار ناکرێت، تا بتوانن کارمان پێدەکەن و دوایش کە نەتوانین دەڵێن بڕۆنەوە ماڵ و خواتان لە گەڵ!.

س.ح