ڕۆژنیوز – محەمەد حەسەن
توێژە جیاوازەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، هەوڵە شەڕخوازانەکان ڕەتدەکەنەوە و هەڵگیرساندنی هەر شەڕێک بە کارەسات ناودەبەن، جەختیشدەکەنەوە ئامانجی داگیرکەرانی کوردستان لاوازکردنی کوردە، دەشڵێن: هەڵگیرساندنی شەڕ ئەجێندای هێزی شۆڕشگێڕ نییە و پیلانی داگیرکەرانە.
هێشتا ئەو هێزانەی پەدەکە لە ماوەی ڕابردوودا جوڵەی پێکردوون بۆ ناوچەکانی نزیک هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و بووە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی نەکشێنراونەتەوە و دوێنێش هێزێکی زۆری بە چەکی قورسەوە ڕەوانەی باڵەکایەتی کرد، لە بەرامبەریشدا توێژە جیاوازەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوامن لە ڕەتکردنەوەی سیاسەتی شەڕ خوازانە، لەو ڕوەوە هاوڵاتیانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، بۆ ڕۆژنیوز دووان.
“نەبن بە داردەستی داگیرکەران”
عەزیز حاجی نواوەیی، خوێندکاری بەشی یاسایە لە زانکۆی ڕاپەڕین، سەبارەت بەو بابەتە دەڵێت: هەر سەرکردەیەکی کورد لە هەر لایەنێک بێت پێویستە نەبن بە داردەستی داگیرکەرانی کوردستان، بە هیچ پاساوێکیش نابێت بچنە ژێر داوای دووژمنانەوە.

“جێبەجێکردنی ئەجێندای داگیرکەران، شەرمەزارییە”
ئەو خوێندکارە دەشپرسێت “تاکەی ئێمە ئامێر و کرێکاری جێبەجێکردنی پیلانەکانی دووژمنان بین کە ئامانجیانە یەکێتی و تەبایی کورد لەناو ببەن؟” دەشڵێت: ئەگەر ئەجێندای داگیرکەران جێبەجێ بکرێت لاپەڕەیەکی پڕ شەرمەزاریی تۆمار دەکەین، هیوادارین هەموو لایەنەکان بە تایبەتی شەڕڤانان، پێشمەرگە و گەریلا چۆن لە یەک سەنگەردا دژی داعش شەڕیان کردو سەرکەوتنیان بەدەست هێنا ئەمڕۆش بە هەمان گیانەوە کاربکەن و ناکۆکییەکان بەلاوەنێن.
“شەڕ قازانج بە دووژمن دەگەیەنێت”
لە ڕوودانی هەر ئاڵۆزییەک زەرەرمەندی یەکەم ژنانن بوون، هەر بۆیە ژنان لەهەمووان زیاتر لە خەمی هەڵگیرساندنی ئەم شەڕەدان و ڕێگریی لێدەکەن، تارا ئیبراهیم، دەڵێت: بێگومان هەموومان دەزانین کێ ئاواتی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆی هەیە و پیلانی چ کەس و لایەنێکە و دەوڵەتی تورکیا دەستی سەرەکی هەیە لە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ لە کوردستان، بێگومان لەم شەڕەدا تەنیا گەلی کورد تێدا زەرەرمەند دەبێت و قازانجەکە بۆ دوژمنانی گەلی کورد دەبێت.

“دەبێت دژی پلانەکانی دووژمن بووەستینەوە”
تارا لە درێژەدا دەڵیت: ئەم شەڕەی خەریکە بەسەر گەلی کورددا بسەپێنرێت پێویستە گەلی کورد هۆشیار بێت هەموومان بە تایبەت ژنان بڕژێینە سەر شەقامەکان و دژی پلانەکانی دووژمنان بوەستینەوە هەموو ئەمانە بە یەک ڕێزی و تەبایی نێوان هێز و لایەنەکان دەکرێت.
هەروەها، جەبار عەزیز، ڕۆژنامەنوس، پێیوایە پرسی شەڕی ناوخۆ هیچ کاتێک خوازراو نییە، لێدانی دەهۆڵ ئەجێندای دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانە، هەڵگیرسانی شەڕ ئەجێندای کەس و هێزی شۆرشگێڕ نییە.

جەختیشدەکاتەوە کە “هەموو کات دووژمنان لەنێوان هێز و عەشیرەت و خێڵەکانی کوردستان ئاگری شەڕیان بەرپا کردووە و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش بەردەوامی هەبووە، ئەم جۆرە لە کردەوانە و دووبەرەکی خواستی ئەو هێزانەیە کە بە دوای دەسەڵات و هەژموونی خۆیان دەگەڕێن لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ ئەگەری هەیە هێزێک سەرکەوتوو بێت بەڵام ئەگەر بە گشتی سەیر بکەین خەڵک و هاوڵاتیانی کوردستانە زەرەرمەندی یەکەم دەبن لەم شەڕەدا”.
ئەم ڕۆژنامەنوسە پێشوایە ئەو دەوڵەتەی ئەمڕۆ بە ئاشکرا دژایەتی دۆزی کورد دەکات تورکیایە، ئەردۆغان بە ئاشکرا دەڵێت لە هەر شوێنێک سەربازێکی ئێمە کوژرابێت ئەو شوێنە خاکی تورکیایە، تورکیا بە نانەوەی ناکۆکی لە نێوان هێزە کوردییەکان باشتر دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت تا باشتر هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا زاڵ بکات.
جەباری عەزیز-ی ڕۆژنامەنووس: لە کۆتایی قسەکانی دەڵێت: ئەگەر مێژوو بخوێنینەوە هیچ دەوڵەتێک و گەلێک لە شەڕی ناوخۆدا قازانجی نەکردووە و گەلی کوردیش زەرەرمەندی هەرە گەورەی بووە لەم شەڕانەدا، هەر ناکۆکی و تەنگەژەیەک هەبێت دەتوانرێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین و کۆتایی بە کێشەکان بهێندرێت.
جوڵەپێکردنی هێزەکانی پەدەکە بۆ سنووری ناوچەکانی گەریلا مەترسیی لای خەڵکی باشوری کوردستان دروستکردووە و وەزارەتی پێشمەرگەش ڕەتیدەکاتەوە، کە ئەو هێزانە سەر بە وەزارەتەکەی ئەوان بن و لەژێر فەرمانی ئەواندا جوڵەیان پێکرابێت، بەڵام نەیتوانیوە جوڵەپێکردنی هێزەکەش ڕابگرێت.
ک.س