دۆخەکە بەجۆرێک شێواوە، هەمووان قسەی لەبارەوە دەکەن، لە کۆڕ و کۆبونەوە گەورە و بچوکەکان، لەناو خێزان و تەنانەت پاسیشدا، باس باسی سیاسەت و پرسی مووچەیە، هەڵەبجەییەکانیش مشتومڕەکانیان دەبەنە ناو چاخانەکان و بەو هۆیەشەوە بازاڕی چایچێتی لە شارەکەدا گەرم بووە.

زۆربوونی چاخانەکان لەناو پارێزگای هەڵەبجەدا، جۆرێک لە تاقەت و خۆشی بۆ کەسە بەتەمەن و بێ ئیشەکان گەڕاندووەتەوە، ئەوەی بیەوێت ڕۆژانە لە هەواڵەکان دانەبڕێ و لە پرسی ڕۆژ ئاگادار بێت، لەگەڵ چا خواردنەوەیەکی ناو بازاڕدا هەمبانەی ئەو ڕۆژەی پڕ دەکات.
تایبەتمەندی هەڵەبجەییەکان بە هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتی و میواندۆستیەکەیاندا دەناسرێنەوە، ئەگەر هەر میوان و غەریبەیەکیش ڕێی بکەوێتە شارەکەو سەرێ لە چاخانەکان بدات، چەند فەرموویەکی لێ دەکرێت و خوڵکی ماڵەوە دەکرێت.

بەهۆی نەبوونی جووڵەیەکی ئابووری پێویست و بازاڕێکی هاوچەرخەوە، گەنجانی شارەکە بە زۆری لە دوای تەواوکردنی خوێندنەوە، ناگەڕێنەوە شارەکەیان و بۆ دەستکەوتنی کارێک بە ناچاری ڕوو لە هەندەران یان شارە گەورەکانی هەرێم دەکەن، ئەوەش بە ئاشکرا بەڕووی شارەکەوە دیارەو لە بەرامبەریشدا زیاتر چینێکی مام ناوەند و پیر لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا دەبینرێن.
نەبوونی هەلی کار لە شارەکەدا، چەندین دەیەیە بەردەوامە، لە دوای کیمیابارانی شارەکەوە لە ساڵی ١٩٨٨شەوە، ناوچەکە بە تەواوی پاشەکشەی لە بواری ئایینی و هونەری و ڕۆشنبیریدا کردووە کە لە ڕابردوودا پێگەیەکی بەرچاوی هەبووە لەو بوارانەدا.

ئێستا زۆرێک لە پیاوە بە تەمەن و ڕیش سپییەکانی هەڵەبجە، بۆ بەسەربردنی کاتەکانی ڕۆژانەیان، ڕوو لە چاخانەکان دەکەن، بەدەم چا خواردنەوەوە ڕۆژگارە تاڵەکانی ژیانی ڕابردوویان بەبیر دەهێننەوە، زۆرجاریش خۆیان شەن و کەوی کێشەکانی ڕۆژ دەکەن و تاڕادەیەک خەمەکانیان بەبا دەدەن.
بەپێی بەدواداچوونێکی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە ئێستادا نزیکەی ٧٠ چاخانە لە شارەکەدا بوونیان هەیەن، هەریەک لە چاخانەکانی شێخ غەریب و حەمەوەمین میرزاش، لە سەرەتای دروستبوونی شارەکەوە تا ئێستا بەردەوامن و لەگەڵ ڕۆژگارە تاڵەکاندا، چای گەرم و شیرین دەرخواردی خەڵکی هەڵەبجە دەدەن.


ی. ک