هەڵەبجە، سیمینارێک لەسەر ڕۆڵی زمانی دایک لەپەروەردەدا بەڕێوەچوو

لەشاری هەڵەبجە سیمینارێک لەسەر ڕۆڵی زمانی دایک لە پەروەردە و پێگەی سیاسیدا بەڕێوەچوو، تێیدا ئاماژە بەوەکرا، کە زمان چەکێکە وەک هەموو چەکەکانی دیکە بۆ پاراست و گەشەکردنی نەتەوە و کۆمەڵگا، هەروەها ڕەخنەش لە ئاستی گرنگیدان بە زمانی دایک گیرا لەپڕۆسەی خوێندندا.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەهۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، بەبۆنەی ڕۆژی زمانی دایكەوە، كۆڕێك بۆ نووسەر و وەرگێڕ مەسعود بابا، لەژێر ناویشانی 'زمانی دایك و گرنگی لەبواری پەروەردەو سیاسەتدا' ئەنجامدرا، تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران و هاوڵاتیانی شاری هەڵەبجە ئامادەبوون.

مەسعود بابا، لە سیمینارەکەدا وتی: مەعریفەی مرۆڤەكان یانی زمان، زمانی دایك زمانی نەتەوەیی نییە، زمانی دایك واقعی ئاخاوتنی زمانی دایكە لەگەڵ منداڵەكەیدا.

مەسعود بابا، پێی وابوو، کە زمان پیش ئەوەی بابەتێکی فەرهەنگی بێت بابەتێکی سیاسییە، هەروەها وتی: زمان چەكێكە وەك چەكەكانی دیكە، نەتەوەكانی دونیا تەنها لەڕێگە چەك و جبەخانەوە زاڵنەبوون، بەڵكو لەڕێگای زانستەكان و كایەی سیایی و دەرونناسییەوە سەركەوتنیان بەدەستهێناوە، هەموو ئەو شتانەش زمان دروستیكردوە.

لەبەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، مەسعود بابا، باسی گرنگی زمانی دایكی لەپرۆسەی پەروەردە کرد و وتی: دەبێت منداڵ كۆمەڵێك وانەی هەبێت لەقوتابخانەدا بەزمانی دایكی بیخوێنرێت، چونکە زمان پەیوەندی بەئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە.

ناوبراو لە کۆتایی سیمینارەکەدا، ڕەخنەی لە شێوازی خوێندنی زمانکرد، لە پڕۆسەی خوێندندا و وتی: لە خوێندنگا و زانكۆكانی كوردستان وانەی زمانسازی ناخوێنرێت، تەنها ڕێزمانێكی وشك دەخوێنرێت، ئەو ڕێزمانەش ڕۆڵی زمان ناهێڵێت و دەیكوژێت.

د.ع