هەڵەبجە، لە ساڵێکدا هیچ ژنێک نەکوژراوە

پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، ساڵی رابردوو هیچ حاڵەتێکی کوشتنی ژنان لە سنوور پارێزگاکە تۆمارنەکراوەو هیچ ژنیكیش بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە خۆی نەکوشتووە.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ئامارەکانی ساڵی ڕابردووی سنوورەکەی ڕاگەیاند، بەپێی ئامارەكانیش ٧٦ حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر ژنان كراوە، بەڵام هیچ حاڵەتێكی كوشتنی ژن تۆمارنەكراوەو هیچ ژنێكیش لە بەرامبەر فشارەکاندا خۆی نەسوتاندووە یان خۆی نەكوشتوە.

ڕائید بەرزان عوسمان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی "كۆی گشتی ئەو كێشانەی لە سنوورەکەدا تۆمارکراون، دوو هەزارو ٩٩١ كێشە بووە، لە تەواوی ئەو دۆسیانەش ٨٥٧ كەس بەتۆمەتی جۆراوجۆر ڕاگیراون.

بەپێی ئامارەكانی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، كۆی گشتی ڕووداوەکانی ٢٠١٩ بەراورد بە ڕووداوەکانی ٢٠١٨ كەمیانكردووە، تەنها ڕووداوەکانی هاتووچۆ و شەڕكردن نەبێت کە زیادیانكردووە، بە جۆرێک ساڵی ٢٠١٨ چوار کەس بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ساڵی ٢٠١٩ ئامارەکە بەرزبووەتەوە بۆ ١٤ مردن و ٨٥ بریندار.

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە وتیشی، لەكۆی ئەو تاوانانەی تۆمارکراوە، كوشتنی بەئەنقەست سێ حاڵەت بووە، خۆكوشتن یەک حاڵەت و لێدانی بەئەنقەست ١٩٤ حاڵەت و ١٢٥ حاڵەتی دزیكردنیش تۆمارکراوە.

س.ح