هەڵەبجە ٨ داواکاری ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکات

دژی پشتگوێخستنی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوەو كەمی بەشە بودجەی شارەكە، لەبەیاننامەیەكی ناڕەزاییدا هاوڵاتیانی شارەکە داواکاری خۆیان لە ٨خاڵدا ئاراستەی حکومەت کرد.


لە بەیاننامەیەکی ناڕەزایی دا، کۆمەڵێک چالاكوانان و ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، لەبەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگاكە، ٨ داواکارییان ئاراستەی حکومەت کرد.

ئارام شەمێرانی بەیاننامەی سەرجەم چین و توێژەكانی هەڵەبجەی خوێندەوەو ڕایگەیاند: نكۆڵی لەوە ناكرێت ئەم پارێزگایە فەرامۆش كراوە، دۆخی ژیان كردن تێیدا ساڵ بەساڵ خراپتر دەبێت، لەگەڵ شكستی سەرلەبەری سێكتەرەكانی دوچاری داڕوخانی هەمەلایەنە بوەتەوە، ئەمەش هەمومانی نیگەران و ماندوو كردووە، بۆیە وەك سەرجەم چین و توێژەكانی ئەم پارێزگایە وەك دەنگێكی بڵندی ئێستاو ڕابردوو داواكارییەكانمان لەم خاڵانەدا دەخەینە ڕوو:

١- بەفەرمی ناساندنی هەڵەبجە وەك نۆزدەمین پارێزگای عێراق.

٢- سەرپێخستنی سەرجەم داموو دەزگاكانی پارێزگای هەڵەبجە بەگشتی و كردنەوە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان و دامەزراندنی ئەنجومەنی پارێزگاكە.

٣- موفاتەحەكردنی حكومەتی فیدراڵ بەكردنەوەی سەرجەم دامەزراوە فیدراڵیەكان لەم پارێزگایەدا.

٤- هەڵەبجە بكرێتە بازنەیەكی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بڕیاری كردنەوەی نوسینگەی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق جێبەجێبكرێت.

٥- جێبەجێكردنی یاسای پایتەختی ئاشتی.

٦- لەگفتوگۆی نێوانی حكومەتی هەرێم و عێراق هەڵەبجە بكرێتە پاكێجی تایبەت.

٧- لەبودجەی گشتی پەرەپێداندا تایبەتمەندی بدرێت بەهەڵەبجە بۆ بنیاتنانی ژێرخانی پارێزگاكە بەو پێیەی پارێزگایەكی نوێیەو پێشتریش بەتەواوی وێران كراوە لەلایەن بەعسەوە.

٨- بەدەنگهاتنی جدی بەرپرسانی ئەم پارێزگایە لەئاست كەمتەرخەمیەكانی دەسەڵات.

لەكۆتای بەیاننامەكەشیاندا جەختیان کردەوە، ئەگەر بەزوترین كات لایەنە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم بەدەنگ داواكارییەكانیانەوە نەچن، ئەوا لە چەند ڕۆژی داهاتوو چالاکیەکانیان فراوانتر دەکەن.

ب.ش