هەڵەبجە، پرسەی گەریلا شەهیدەکە لە گوندی شەشك بەڕێوەدەچێت

پرسەی گەریلا شەهیدەکەی هەڵەبجە لە گوندی شەشك سەر بەشارەدێی سیروان بەڕێوەدەچێت، كەسوكارەکەشی دەڵێن: شانازی دەكەین كوڕەكەمان لەو شوێنە پیرۆزە شەهید بووە، داواش لە حیزبەكانی باشوری كوردستان و هاوڵاتیان دەکەن داگیركاریی دەوڵەتی تورك پەسەند نەكەن.


دوای ئەوەی دوێنێ، کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، ناسنامەی گەریلایەکی شەهیدی خەڵکی هەڵەبجەی بە ناوی نەبەز لەتیف، ناسراو بە هەڤاڵ فیداكار، بڵاو کردەوە، کە لە ١ی ئەم مانگە لە زاپ، لەئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورک شەهید بووە، هەردوێنێ یەکەم ڕۆژی پرسەکەی لە گوندی شەشك-ی سەر بەشارەدێی سیروان بەڕێوەچوو، ئەمڕۆش دووەم ڕۆژی پرسەکەی لە هەمان گوند بەڕێوەدەچێت.

كەسوكاری شەهید نەبەز لەتیف، پەیامیان بۆ حیزبە سیاسیەكانی باشوری كوردستان و هاوڵاتیان ئەوەیە، ئەو داگیركارییەی دەوڵەتی تورك پەسەند نەكەن، لەو بارەیەوە ئاراز لەتیف، برای شەهید نەبەز لەتیف، بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی "لەم ڕۆژەدا كە پرسەمان بۆ برا شەهیدەكەم داناوە، پەیامی ئێمە وەك كەسوكاری شەهیدان بۆ حیزبە سیاسیەكانی باشوری كوردستان و هاوڵاتیانیش ئەوەیە، ئەو داگیركارییەی دەوڵەتی تورك قبوڵ نەكەن كە ڕۆژانە و بەردەوام دەیكاتە سەر خاكی باشوری كوردستان، ئیتر با کۆتایی بێت بە داگیركاری دەوڵەتی فاشیستی تورك".

وتیشی: گرنگە هەموو كەس بەرخۆدان و فیداكاریی هەبێت بۆ ڕووبەڕوبونەوەی كەسانی ناحەزو داگیركەر، دەبێت بەرخودان بەردەوام بێت دژ بەو هەڵوێستە ناشرینانەی دەوڵەتی تورك.

لای خۆشیەوە نەزیرە حەمەنەجم، پوری شەهید نەبەز بۆ ڕۆژنیوز، وتی: فەخرو شانازیی دەكەین بەوەی كوڕەكەمان لەپێناوی خەباتی كوردایەتی و لەو شوێنە پیرۆزەدا شەهید بووە، خۆشحاڵین شەهیدەكەمان كوڕی هەردوولایە.

وتیشی "وەك كەسوكاری شەهید پەیامم بۆ حیزبەكانی باشوری كوردستان ئەوەیە، یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن ڕێكبكەون، بەسە كوشتار با چیتر ڕۆڵەی كەس نەدرێت بەكوشت و جەرگی هیچ دایكێکی دیكە نەسوتێت، هیوادارین ئاشتی خوازی ڕووبكاتە كوردستان، هەرچی حیزب هەیە ڕێكبكەوێت بەلایەنی خێرداو ڕۆڵەی كەس شەهید نەبێت، وەك ئێمە جەرگی كەس نەسوتێت، نەبەز شەهیدی ئەو ڕێگا پیرۆزەیە".

ک.س