هەڵەبجە، پشکنین بۆ ماڵێک کرا کە گومان دەکرێت پاشماوەی کیمیایی تێدامابێت

لەسەر داوای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، سریەی بەرگری کیمیاویی سەر بە وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، پشکنینی بۆ ماڵێک کرد لە هەڵەبجە کە گومانی ژەهراویبوونی لێدەکرا بەهۆی پاشماوەی چەکی کیمیایی لە ساڵی‌ ١٩٨٨دا.


بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی وەزارەتی پێشمەرگە، تیمی کیمیاوی بە وردی ماڵەکەو ژێر زەمینی ئەو ماڵەیان به چەند ئامێرێک پشکنیوە کە تایبەتن بە ئاشکراکردنی ماددە کیمیاوی و ژەهراوییەکان، دواتر ماڵەکەیان خاوێنکردەووەتەوە و دڵنیاییانداوەتە خاوەن ماڵەکە کە هیچ پاشماوە و مه‌ترسییەکی چەکی کیمیاوی لەماڵەکەدا بوونی نەماوه‌.

لە بەرامبەردا لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەو ماڵەی کە پشکنینەکەی بۆ کراوە، لە کیمیابارانی ١٩٨٨دا ناپاڵمێک لە نزیکیدا تەقیوەتەوە و لەوکاتەشەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە ژێرزەمینی ماڵەکە بەکاربهێنن.

وتیشی، جگە لەو شوێنە، چەندین ژێرزەمینی دیکەی ماڵان لە شارەکەدا هەیە کە بەوجۆرە دەرگایان داخستووە و لە ترسی پاشماوە و کاریگەری چەکی کیمیایی ناتوانن بەکاری بهێنن و تا ئێستاش هێچ تیمێک نەهاتووە بۆ پشکنین و پاککردنەوەیان.

سەرۆکی کۆمەڵەکە باسی لەوەشکرد، جیا لەو شوێنانە، نزیکەی حەوت بۆمبی ناپاڵمیش لە شارەکەدا بە نەتەقیوی ماوەتەوە و تا ئێستا دەستکاری نەکراوەو هەڵنەگیراونەتەوە، جگە لەوەش تا ئێستا هیچ تیمێکی شارەزاو پسپۆڕی چەکی کیمیاییش پشکنینی بۆ ئاوی ژێرزەوی شارەکە نەکردووە بۆ دڵنیابوون لە پاک و درووستی ئاوەکە.

ک.س