هەڵەبجە، پەردە لەسەر پەیكەری چاوەڕوانی لادرا

بەئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان، کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی شارەکە، ئەمڕۆ پەردە لەسەر پەیكەری چاوەڕوانی لەناو باخی گشتی شاری هەڵەبجە لادرا.


ئێوارەی ئەمڕۆ پەردە لەسەر پەیکەری چاوەڕوانی لادرا، ئەم پەیكەرە لەژێر ناوی' باوكێك لەچاوەڕوانی منداڵە ونبووەكاندا' دروستكراوە بۆ مامۆستای كۆچكردوو فەخرەدین حاجی سەلییم .

ئامانج لە درووستکردنی ئەو پەیکەرە ئەوەیە ئەو گەنجانەی ڕوو لەباخی گشتی شارەكە دەكەن،پەیكەرەكە ببینین و ئاشناش بن بەمێژووی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر شارەكەیاندا هاتووە بەدەستی ڕژێمە داگیركەرەكان.هەروەها بەئامانجی ئەوەش ساڵانە مەراسیمی منداڵە ونبوەكان لەپاڵ پەیكەرەكەدا بەڕێوەبچێت.

 پەیكەری مامۆستا فەخرەدین حاجی سەلیم تەوێڵەیی لەلایەن هونەرمەندی پەیكەرتاش هونەر ساحێب-ەوە بەکەرستەی فایبەر گڵاس بەماوەی 2 مانگ  دروستكراوە، بەرزیی پەیكەرەكە زیاتر لە ٣ مەترە و هاوڵاتیانی خێرخواز کۆمەکی تەواوکردنی ئەو پەیکەرەیان لەئەستۆ گرتووە.

فەخرەدین حاجی سەلیم تەوێڵەی لەساڵی١٩٤٩ لەدایكبووە، ساڵی٢٠١٥ لەچاوەڕوانی منداڵە ونبوەكانیدا سەری نایەوە، كچێك وكوڕێكی ونبووی هەیە بەناوەكانی ئارین و ڕەنج، هەروەها سێ‌ منداڵی دیكەشی لەكارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا شەهید بون.

تائێستا ٧٤ خێزانی پارێزگای هەڵەبجە لەچاوەڕوانی گەڕانەوەی ١٧٠ منداڵی ونبوویاندان.

 

ب.ش