وادەی واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی ئاشکرابوو

سەرکردەیەکی یەکێتی ئاشکرای دەکات، کە ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) ڕێککەوتنێکی سیاسیی واژۆ دەکەن و بڕگەکانی وەک بڕیاری هاوبەش، بازرگانیی، پەیوەندیی دەرەوە و چەند بڕگەیەکی دیکە لەخۆ دەگرێت.


بڕیارە ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێککەوتنێکی سیاسیی لەسەر پرۆژەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم واژۆ بکەن، ئەوەش بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ڕۆژنیوز لە زوبێر عوسمان، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتییەوە دەستیکەوتووە.

ئەنجامدانی ئەم ڕێککەوتنە لە نێوان یەکێتی و پارتی، لە دوا کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی ئەو دوو حزبەدا بڕیاری لەسەر دراوە، کە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە هەولێر بەڕێوەچوو.

پێشتر هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لیژنەکی هاوبەشیان لەسەر پرسی کەرکوک و بەغدا و بابەتی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان پێکهێنابوو، لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی مەکتەبی سیاسیی هەردوو حزبدا، ڕاپۆرتەکانی لیژنەکە خوێندراوەتەوە و بڕیاردراوە کە بکرێنە ڕێککەوتنێک و واژۆی لەسەر بکرێت.

وەک زوبێر عوسمان باسیکرد، ناوەڕۆکی ئەو پاکێجەی کە بڕیارە ی.ن.ک و پ.د.ک  لەسەری ڕێکبکەون، بابەتەکانی بڕیاری سیاسیی هەرێم، پرسی ئابووریی و بازرگانیی، پێشمەرگە و بابەتی مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق، مامەڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەرکوک و دۆخی کەرکوک، هەروەها فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت.

زوبێر عوسمان، ئامانجی ڕێککەوتنی نێوان خۆیان و پارتی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە "بتوانین لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە حکومڕانیی بکەین، هاوسەنگیی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان بگێڕینەوە، بتوانین بڕیارەکان بدەین و ئەو بەرنامەیەی کە بۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم هەمانە، بەبێ ئاستەنگ لە چوار ساڵی داهاتوودا جێبەجێی بکەین و بڕیاری هاوبەشی تێدا بدرێت".

جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، ئاماژە بە پێگەی کەرکوک دەکات لە ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و پارتیدا و دەڵێت: یەکێتی بابەتی کەرکوک و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کردووە بە یەک پاکێج، ڕۆژی ١٨ی مانگیش هەم پەرلەمانی هەرێم کۆدەبێتەوە و هەم ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو بابەتانە بە یەک پاکێج مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

١٣٤ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-دا تێپەڕبووە و تا ئێستا کابینەی نویی حوکمەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهاتووە، ئەویش بەهۆی ڕێکنەکەوتنی (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) لەسەر پۆستەکان و لەدوای کۆبوونەوەکەی ٥ی ئەم مانگە و دیارییکردنی ١٨ی شوبات بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێم، دەرکەوت، کە هەردوولا تا ڕادەیەک لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری کەرکوک گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام پێناچێت هەتا ئێستا (پ.د.ک) و (ی.ن.ک) لەسەر وەزارەتی داد لە حکومەتی عێراق ڕێککەوتبن.

ش.ف