"واز لە بەرژەوەندیی حزبیی بێنن و یەکڕیز بن"

یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی گەورە داواکاریی سەرەکیی هاوڵاتیانە و داوادەکەن حزبەکان واز لە بەرژەوەندیی خۆیان بێنن و ناوماڵی کورد ڕێکبخەن.


ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی هەولێر لە لێدوانیاندا بۆ ڕۆژنیوز باس لە گرنگیی یەکێتی نەتەوەیی دەکەن.

کۆچەر عەلی، ڕۆژنامەنووس، پێیوایە ئەوەی ئێستا گرنگە کاری بۆ بکەین یەکڕیزیی ناوماڵی کوردە، چونکە بەهۆی ناکۆکیی و ململانێوە پرسی کورد بۆ دواوە هەنگاو دەنێت.

کۆچەر عەلی، دڵ خۆشبوو، بە یەکگرتنی زیاتر لە ٢٠ لایەنی کوردستانیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق  و کۆبوونەوەی لایەنەکان و وتی: یەکەمە جارە لە مێژووی كورددا و كارێكی زۆر باشە، دەبێت لایەنەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان واز لە بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان بێنن و لەناو ماڵی كورد رێکبخەن و یەك ڕیزبن.

هەروەها، فەرمان ڕەشاد، سەرۆكی ڕێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵیی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ساڵانێکی زۆرە هەوڵ بۆ یەکێتی نەتەوەیی دەدرێت، هۆکاری ئەوەشی بۆ دابەشبوونی لایەنەکان بەسەر وڵاتاندا گەڕاندەوە.

فەرمان ڕەشاد، وتیشی: هەڕەشەکان لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستانە، بۆیە دەبێت کورد یەکێتی نەتەوەیی پێکبێنێت و لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیب ڕێکبکەوێت.

ش.ف