چوؤرشەممە, 4 أبر 2018 – 08:17
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
حکومەتی هەرێم ڕێزی لە ١٠ هەزار هاوڵاتی نەگرت، کە واژۆیان بۆ دەرکردنی سوپای تورک لە خاکی باشور کرد و واژۆکانیش ڕادەستی بەغدا نەکران.
ئەو ١٠ هەزار واژۆیەی، کە ڕێکخراوی ئینەف بۆ دەرکردنی سوپای تورک لە باشوری کوردستان کۆیکردبووەوە، ڕۆژی ١/ئازار ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و ١٦ی ئازار-یش وەک دواین مۆڵەت بۆ حکومەت دیارییکرابوو، کە وەڵامیان بداتەوە، بەڵام هەتا ئێستا وەڵامی نەداونەتەوە.
بڕیاربوو واژۆکان ڕادەستی پەرلەمان و حکومەتی عێراق بکرێت، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەو کارەش نەکراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، کە دەوڵەتی تورک لەجیاتی چۆڵکردنی خاکی باشور ڕۆژ بە ڕۆژ داگیرکاریی زیاتر دەکات و لە دەڤەری سۆران، بادینان و بناری قەندیل بە ئاشکرا سەربازگە دروست دەکات.
هەروەها، فڕۆکە سیخوڕیی و شەڕکەرەکانیشی بەردەوام بە ئاسمانی ئەو ناوچانەدا دەسوڕێنەوە و بۆردوومانی هاوڵاتیانی مەدەنیی و تەنانەت مەزارگەی شەهیدانیش دەکەن و خاپوری دەکەن.
دەوڵەتی تورک، هەڕەشەی داگیرکردنی شەنگال و کەرکوک و سلێمانی-ش دەکات و لە بەرامبەریشدا حکومەت و پەرلەمانی هەرێم بێدەنگییان هەڵبژاردووە و پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق-یش، کە بەهێزترین حزبی باشوری کوردستانە، نەک هەر بێدەنگە، بەڵکو ئاسانکاریی بۆ ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە دەکات و لە سنووری سیدەکان هاوشێوەی سیاسەتی ئاکەپە گەمارۆی خستووەتە سەر ژمارەیەک گوند و ڕێگا نادات هیچ هاوڵاتییەک سەردانی ئەو گوندانە بکات، دەوڵەتی تورک-یش لەو گوندانە سەرقاڵی دروستکردنی بارەگاکانیەتی.
ش.ف