جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت لەنێوان حکومەتی هەرێم و تورکیا بۆ فرۆشتنی نەوت نییە بە تورکیا، تەنها بۆ تێپەڕینی نەوتی هەرێمە بەناو خاکی تورکیادا.
تادێت کاردانەوەی پەرلەمانارانی هەرێم و عێراق و لایەنەسیاسییەکان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی حکومەتی هەرێم و دەوڵەی تورک لەبواری نەوت زیاتر دەبێت، هاوڵاتیان هۆکاری ڕێکنەکەوتنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا و چارەسەر نەکردنی کێشەی موچە بۆ ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵە لەگەڵ دەوڵەتی تورک دەگێڕنەوە، بەرپرسانی پەدەکە لە حکومەت و پەرلەمانیش هەوڵدەدەن پشتگیریی لە ڕێککەوتنەکە بکەن.
لە چوارچوەی کاردانەوەکاندا، ئەمڕۆ جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نەوت لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی نەوت نییە و پێشەکی نەوت نەفرۆشراوە، بەڵکو بۆ تێپەڕینی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەناو خاکی تورکیادا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو گرێبەستە لەلایەن کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە واژۆکراوە، لەکاتێکدابووە کە هەرێم لەژێر فشارێکی زۆری ئابووری و سیاسیدابووە، تەنها ڕێگا بووە بۆ ناردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە.
ئەم وتانەی جوتیار عادل، لە کاتێکدایە کە دوێنێ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەنەکە ڕایگەیاند وەک یەنەکە ئاگاداری ناوەڕۆکی ڕیککەوتنی ٥٠ساڵی لەگەڵ تورکیا نین.
د.ع