وتەبێژی مەسەدە: بەبێ نوێنەری گەلانی سوریا چارەسەریی پێکنایەت

وتەبێژی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی- مەسەدە، بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەکان بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ سوریا وتی: تا نوێنەرانی گەلی کورد و گەلانی سوریا لە دانوستانە سیاسییەکان ئامادە نەبن، چارەسەری پێکنایەت.


ئەمجەد عوسمان، وتەبێژی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی- مەسەدە، لەسەر کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی نووسینەوەی دەستووری نوێ سوریا لە جنێڤ بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد.

ئەمجەد عوسمان، ئاماژەی بەوەدا کە نوێنەری ئیرادەی گەلی کورد و گەلانی دیکەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کۆمیتەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سوریا جێیان نەگرتووە، بۆیە نوێنەرایەتی گەلانی سوریا ناکات و وتی: ئەو کۆمیتەیە زیاتر بەپێی بەرژەوەندییەکانی هەندێک هێزی ناوچەیی و هەژمونی دەجوڵیتەوە، بۆیە لە کۆبوونەوەکاندا، هیچ باسی ئەو کۆمەڵکوژییانەی گروپە چەتەکان و سوپای تورک لە ناوچەکانی عەفرین، تل تەمر، گرێسپی و سەرێکانی ئەنجامیان داوە ناکەن، هەر بەو هۆیەوە کۆبوونەوەکان ڕاگیران و حکومەتی سوریا خۆی لە دانوستانەکانی جنێڤ کشایەوە.

ئەمجەد عوسمان، هەروەها باسی لەوە کرد، کە لەو کۆبوونەوەنەدا نوێنەرایەتی کورد و گەلانی دیکە ئامادە نییە، بۆیە ئەوە هەشت ساڵە کۆبوونەوەکانی جنێڤ هیچ ئەنجامێکیان نەبووە و وتی: بە ڕاستیش نوێنەری ئەو هەرێمانە و نوێنەری گەلانی سوریا ئامادە نەبوون، باوەڕمان وایە کە تا نوێنەری گەلی کورد و گەلانی سوریا ئامادە نەبن و نەبن بە هاوبەشی دانوستانە سیاسییەکان، لە سوریا چارەسەریی پێکنایەت.

ش.ف